وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاند وڵاتەکە لەڕێی فڕۆکەیەکەوە کۆمەڵێک موشەکی ستینگەری دژە فڕۆکە و تەقەمەنی لە لیتوانیاوە بۆ هاتووە.
وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ وتی لە ماوەی ڕابردوودا دوو فڕۆکەی دیکە نزیکەی 180 تەن تەقەمەنی لە ئەمەریکاوە هێناوە بۆ ئۆکرانیا. وتیشی تاوەکو ئێستا ئۆکرانیا نزیکەی 1,500 تەن تەقەمەنی لەڕێی 17 گەشتەوە بەدەست گەیشتووە.
بەرپرسە سەربازییەکان دەڵێن ئۆکرانیا لەڕێی یارمەتییەکانی هاوپەیمانانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو هێزە چەکدارەکانی پتەوکردووە، بەتایبەتیش لەڕێی موشەکە دژە تانکەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیاوە سوپاکەی پڕچەک کردووە.
ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێن دەکرێت ڕووسیا لە هەر ساتێکدا بێت ئۆکرانیا داگیربکات. ڕووسیاش زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئەو وڵاتەی هەبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز