Accessibility links

لیتوانیا: ڕووسیا پێشتریش چەکی ناوەکی لە ناوچەی باڵتیکدا هەبووە


وەزیری بەرگری لیتوانیا ئارڤیداس ئانساسکس دەڵێت ڕووسیا پێشتریش چەکی ناوەکی لە ناوچەی باڵتیکدا هەبووە.

ڕۆژی پێنجشەممە یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هۆشداریدایە هاوپەیمانێتی ناتۆ لەسەر ئەوەی ئەگەر سوید و فینلەندا بچنە پاڵ هاوپەیمانێتییەکە ئەوا ڕووسیا ناچار دەبێت بەرگرییەکانی لە ناوچەکەدا پتەوتر بکات، لەوانەش بڵاوکردنەوەی چەکی ناوەکی.

ئانساسکس وتی چەکە ناوەکییەکانی ڕووسیا پێش ئەم قەیرانەی ئێستاش لە کالینینگرادی ڕووسیا لەسەر دەریای باڵتیک بڵاوکراونەتەوە.

وتی " هەڕەشەکانی ئێستای ڕووسیا زۆر نامۆ دەردەکەون، لەکاتێکدا ئێمە دەزانین پێش ئەم بارودۆخە ئەمنییەی کە ئێستا هەیە، چەکە ناوەکییەکانیان تەنها 100 کم دوور لە سنووری لیتوانیا داناوە."

وتیشی " چەکە ناوەکییەکان هەمیشە لە کالینینگراد هەبوون، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە هەموویان زۆر بەباشی ئاگاداری ئەمەن. وەکو هەڕەشەیەک بەکاریدەهێنن."

کالینینگرادی ڕووسیا لەسەر کەناراوەکانی دەریای باڵتیک دەکەوێتە نێوان لیتوانیا و پۆڵەنداوە کە هەردووکیان ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک وەزیری لیتوانیا ئینگریدا سیمۆنیت وتی هەڕەشەکانی ڕووسیا بۆ بڵاوکردنەوەی چەکی ناوەکی لە ناوچەی باڵتیک " شتێکی نوێ " نیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG