Accessibility links

لیتوانیا :قەدەغەکردنی تێپەڕبوونی شتومەکەکان بە وڵاتەکەدا بۆ کالینینگراد لە جێبەجێ کردندایە


بەرپرسانی لیتوانیا دەڵێن لە ڕۆژی شەممەوە قەدەغەکردنی ئەو شتومەکانەی کە لە لیتوانیاوە بۆ کالینینگرادی ڕووسیا تێپەڕ دەبن و سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دەیانگرێتەوە، خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی کالینینگرادی ڕووسیا ئانتۆن ئالیخانۆڤ ڕۆژی هەینی هەواڵی قەدەغەکردنەکەی بڵاوکردەوە.

لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا خەڵوز و کانزاکان و پێداویستییەکانی بینا دروستکردن و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو دەگرنەوە، ئالیخانۆڤیش وتی قەدەغەکردنەکە لە سەدا 50 ی سەرجەم ئەو شتومەکانەیە کە کالینینگراد هاوردەی دەکات.

دوای ئەوەی داوای " ڕوونکردنەوەی " کرد لە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لەسەر میکانیزمی چۆنێتی جێبەجێکردنی سزاکان، دەزگای هێڵەکانی شەمەندەفەری لیتوانیا لە نامەیەکدا بۆ کڕیارەکان ڕایگەیاند سزاکان دەستبەجێ دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە
.
لەلای خۆیەوە ئالیخانۆڤ داوای لە خەڵکەکە کرد نەترسن و بە شڵەژاوی دەست نەکەن بە شت کڕین، وتی دوو کەشتی هەن لەنێوان کالینینگراد و شاری سەینت پیتەرسبێرگدا شتومەک دەهێنن و دەبەن، وتیشی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ حەوت کەشتی دیکە دەخرێتە کارەوە.

گوتی " کەشتییەکانمان بەڕێوبەرایەتی سەرجەم بارەکان دەکەن."

گوتەبێژی دەزگای خزمەتگوزاری هێڵی شەمەندەفەری لیتوانیا هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە، بەڵام ڕەتی کردەوە لێدوانی زیاتر بدات. وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیاش ڕەتی کردەوە لێدوان بدات.

جێگری وەزیری دەرەوەی لیتوانیا مانتاس ئادۆمیناس بە کەناڵێکی گشتی وڵاتەکەی وت وەزارەتەکەی چاوەڕێی " ڕوونکردنەوە دەکات لەلایەن کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپاوە لەسەر چۆنێتی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەوروپا بۆ سەر بارەکانی شتومەک بۆ کالینینگراد."

کالینینگراد دەکەوێتە نێوان دوو وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆشدا، پۆڵەندا و لیتوانیا. سەرجەم پێداویستییەکانیشی لەڕێی هێڵەکانی شەمەندەفەر و بۆرییەکانی گازەوە لە ڕووسیاوە بۆ دێت، بەڵام بە لیتوانیادا تێپەڕ دەبن.

بارەگای هێزی کەشتیگەلی ڕووسیا لە دەریای باڵتیک لە کالینینگرادە، لە ساڵی 1945 دا سوپای سوور لەژێر دەستی نازییەکانی ئەڵمانیادا دەریهێنا و کەوتە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤییەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG