Accessibility links

هەردوو لایەنی بەشەڕهاتووی لیبیا بە ئاگربەست گەیشتن


هەردوو دەسەڵاتە بەشەڕهاتووەکەی لیبیا ئەمڕۆ هەینی بە جیا بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و ئاگربەستیان ڕاگەیاند بەو هیوایەی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ناکۆکیـیەکانیان چارەسەربکەن.

حکومەتی تەرابلوس بە سەرۆکایەتی فایز ئەلسەراج کە تورکیا و قەتەڕ پـشتیوانی دەکات، لە بەیاننامەکەیدا فەرمانی کرد هەموو هێزە لەشکریـیەکان دەستبەجێ شەڕ ڕابگرن لە تەواوی خاکی لیبیا.

دواشیکرد هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە مانگی سێی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت بەپـێی بنەمایەکی دەستوری کە لیبیـیەکان لەسەری ڕێبکەون.

حکومەتی بنغازی جەنەڕاڵ حەفتەر کە میسڕ و ئیمارات پشتیوانی دەکات، ئەویش لەلایەن عەقیلە ساڵح، سەرۆکی پەرلەمانەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکرایەوە و داوای لە هەموو لایەک کرد دەستبەجێ لە تەواوی وڵاتەکە شەڕ ڕابگرن. گوتی ئەو ئاگربەستە ڕێگە لە دەستێوەردانی بیانی دەگرێت و دەبێتە مایەی وەدەرنانی بەکرێگیراون کە مەبەستی ئەو چەکدارە سوریـیانەیە تورکیا ڕەوانەی لیبیای کردوون بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتەکەی سەراج.

هەروەها گوتی هەوڵ دەدەن ڕابردوو لە بیربکەن و پەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و حکومەتێک پـێکبهێنن کە لە ڕێگەی پـرۆسەی هەڵبژاردنێکی دەستوری بێتە سەر دەسەڵات.

لە قاهیرش، سەرۆکی میسڕ خۆشحاڵی خۆی بە ئاگربەستەکە دەربڕی و لەسەر فەیسبوکەکەی نووسی ئەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی سیاسی و خواستەکانی خەڵکی لیبیا بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و گەشەکردنی وڵاتەکەیان.

XS
SM
MD
LG