Accessibility links

ئیمارات: دەهۆڵی شەڕ لە دەوری شاری سرتی لیبیا لێدەدرێت


وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیمارات هوشداری دا لە شیانی هەڵگیرساندنی شەڕێکی مەترسیدار لە لیبیا و داوا دەکات ژیری زاڵبکرێت و دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیەندرێت.

ئەنوەر گەرگاش ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسی ئەو دەهۆڵی شەڕانەی لە دەوروبەری شاری سرتی لیبیا لێدەدرێن ئاماژەیەکن بۆ ڕوودانێکی گەورە کە ئاکامی مەترسیداری مرۆیی و سیاسی دەبێت.

دەشڵێت لە ئیماراتەوە داوادەکەین دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیەندرێت و ژیری زاڵبکرێت و لایەنە لیبیـیەکان دەستبکەن بە وتووێژکردن بە چاودێری نێودەوڵەتی. گوتیشی دەبێت ئەو هاندان و ئامانجە هەرێمیـیە پشتگوێ بخەن، ئەمەش پـێدەچێت مەبەستی تورکیا بێت کە دوێنێ دووشەممە مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا هانی حکومەتی ویفاقی دا بە ئاگربەست ڕازی نەبێت هەتا ئەو کاتەی هەردوو بنکەی ئاسمانی سرت و جوفرە کۆنترۆڵ دەکات.

پاش ئەو ڕاگەیاندنەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا کە پشتیوانی لە هێزەکانی جەنەڕاڵ حەفتەر دەکات، بەیاننامەیەکی دەرکرد و تیایدا دەرگای لە بەردەم لەشکری میسر واڵاکرد بۆ هاتنە ناو لیبیا و پشتیوانیکردن لە هێزەکانی حەفتەر.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا کە تاکە نوێنەری هەڵبژێردراوی شەرعی وڵاتەکەیە پـێشوازی لە وتارەکەی عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر دەکات وە داوا لە لیبیا و میسر دەکات هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ لەناوبردنی داگیرکەر و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی. داواشی لە لەشکری میسر کرد بچێتە ناو شەڕەکەوە ئەگەر بینی مەترسیـیەک بۆ سەر ئاسایشی هەردوو وڵات لە ئارادایە.

XS
SM
MD
LG