Accessibility links

هێزەکانی خەلیفە حەفتەر دەڵێن شاری سرتیان کۆنترۆڵ کردووە


هێزەکانی سەر بە جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر دەڵێن گروپە چەکدارەکانی حکومەتی فایز ئەلسەراجیان لە شاری سرت وەدەرناوە و ئێستا تەواوی شارەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

جەنەڕاڵ ئەحمەد ئەلمسماری گوتەبێژی هێزەکانی حەفتەر ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری بنغازی گوتی"فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بە فەرمی ڕایدەگەیەنێت شاری سرت لە گروپە تێرۆرستیـیەکان و تاوانکاران پاککراوەتەوە."

پـێشتر ڕایانگەیاند فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قرزابیەی شاری سرتیان کۆنترۆڵکرد و ئەو هێزەی لەوێ بەرپـرس بوو خۆی ڕادەستی هێزەکانی حەفتەر کردووە.

حکومەتی فایز ئەلسەراج کە بارەگاکەی لە تەرابلوسی پایتەختە، گوتی شاری سرت کەوتووەتە بەر هێرشی هێزەکانی حەفتەر، بەڵام هیچ زانیاری زیاتری نەدا.

لەلایەکی دیکە مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە حکومەتی سەراج دەکات، ئەمڕۆ گوتی شارەزای لەشکری و تیمێکی تەکنیکی بۆ لیبیا ڕەوانەدەکەن.

شاری سرت دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست و نزیکەی 450 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی تەرابلوسەوە دورە و مەزەندەدەکرێت ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 100 هەزار کەس بێت.

XS
SM
MD
LG