کاربەدەستان لە لیبیا دەڵێن ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تەرابلوسی پایتەخت و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 11 کەس کوژراون.
کاربەدەستێک لە وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پاش هێرشەکەکە ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند و گوتی 2 کەسی دیکەش برینداربوون.
خالد عومەر بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنەکە ئەویش بە ڕۆیتەرزی گوت کە چۆن بە چاوی خۆی دوو خۆکوژی بینیوە هاواریان کردووە (الله اکبر) و خۆیان تەقاندووەتەوە و لاشەکانیان پارچە پارچە بووە.
گوتیشی خۆکوژێکیان لە ناو کۆمسیۆنەکە خۆی تەقاندووەتەوە و ئەوانی دیکە ئاگریان لە ئۆفیسەکە بەرداوە. باسی لەوەش کردبوو ئەوان وەک کارمەندانی ئۆفیسەکە بە پەلە هەڵهاتوون و هێزەکانی ئاسایش لە نێو بیناکە ڕووبەڕووی چەکدارەکان بوونەتەوە.
هەروەها گوتویەتی هەتا ئەوەی ئەو ئاگاداربووە 3 کارمەندی کۆمسیۆنەکە و 4 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش کوژراون.
لە لایەکی دیکە سەرچاوەیەکی دیکە لە کۆمسیۆنەکە بە ئاژانسی دەنگوباسی دەروازەی ئەفریکای گوتووە هێرشبەرەکان سەرەتا 2 پاسەوانی بەردەم بینای کۆمسیۆنەکەیان کوشتووە و پاشان چوونەتە ناوەوە و تەقینەوەکانیان ئەنجامداوە.
چەند میدیایەکی خۆجێی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانەوە وێنەی شوێنی ڕووداوەکەیان بڵاوکردووەتەوە و نیشانی دەدەن بینای کۆمسیۆنەکە ئاگری گرتووە. دەشڵێن گومان دەکرێت داعش لە پشت هێرشەکەوە بووبێت.