Accessibility links

میدیاکان: شەڕ و پێکدادانی گروپە چەکدارییەکانی لیبیا لە تەڕابلسی پایتەخت


میدیا ناوخۆییەکانی لیبیا دەڵێن ڕۆژی پێنجشەممە لە تەڕابلسی پایتەختی لیبیادا شەڕ و پێکدادان لە نێوان گروپە چەکدارییە بەهێزەکانی ناو وڵاتەکەدا ڕوویداوە، ئەمەش ترس و نیگەرانی لە نێو دانیشتواندا دروستکردووە لە کاتێکدا کە ئاهەنگ بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە دەگێڕن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک بەردەوام بوون و هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.

لیبیا هێشتا کۆشش دەکات بۆ چاکبوونەوە لە چەندین ساڵ لە جەنگ و پشێوی لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 دا موعەمەر قەزافی لەسەر دەسەڵات دوورخرایەوە. لە کاتێکدا کە وڵاتەکە ئارامییەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ماوە بە ماوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان گروپە چەکدارییەکانی وڵاتەکەدا ڕوودەدات.

شایەتحاڵان دەڵێن لە گەڕەکی ئەبو سالمی تەڕابلسدا دەنگییان لە شەڕە تەقە بووە و چەکی قورسیشی تێدا بووە، ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی گروپی دەسەڵاتی پشتیوانیکار لە سەقامگیریدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، چەکدارانی گروپی دەسەڵاتی پشتیوانیکار لە سەقامگیری ڕووبەڕووی چەکدارانی گروپی هێزی ڕێگری تایبەت بوونەتەوە.

بەرپرسان باسییان لە هۆکاری شەڕەکە نەکردووە، بەڵام میدیا ناوخۆییەکان دەڵێن شەڕەکە دوای ئەوە ڕوویداوە کە دەسەڵاتی پشتیوانیکار لە سەقامگیری ئەندامانی گروپی ڕەزایان دەستگیرکردووە وەکو تۆڵەیەک بۆ دەستگیرکردنی ئەندامەکانی لەلایەن گروپە ڕکابەرەکەیەوە.

هەردوو گروپەکە هەر لە هەمان شەودا دەستبەسەرکراوەکانییان ئازاد کرد.

دەسەڵاتی پشتیوانیکار لە سەقامگیری و هێزی ڕێگری تایبەت لەو گروپە چەکدارییانەوە پەرەیان سەندووە کە دوای دوورخستنەوەی قەزافی ئەو بۆشاییە ئاسایشییەیان پڕکردەوە کە لە وڵاتەکەدا دروست ببوو.

لە تەڕابلسی پایتەخت، گروپەکان ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتەکانی ناوخۆ یاخود بەرگریدا نین، بەڵام هێشتا موچە وەردەگرن.

گروپە چەکدارییەکان سەربەخۆ کاردەکەن و لە ساڵی 2021 دا پێگەیەکی تایبەتییان لە سەرۆک وەزیر و ئەنجومەنی سەرۆکایەتییەوە وەرگرت.

گروپەکان لە فولکە و شەقامە سەرەکییەکاندا دەردەکەون، چەکدارەکانییان خاڵی پشکنینییان هەیە و بە چەکی قورسەوە ڕێگاکان دەگرن.

لە مانگی هەشتی ساڵی 2023 دا بەهۆی شەڕ و پێکدادانێکەوە لە نێوان گروپی ئەل ڕەزا و لیوای 444 دا 55 کەس کوژران.

لە مانگی دووی ئەم ساڵدا لانیکەم 10 کەس بە ئەندامانی گروپی دەسەڵاتی پشتیوانیکار لە سەقامگیریشەوە لە تەڕابلس کوژران. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا وتی ڕووداوەکە تیشک دەخاتە سەر نیگەرانییەکان سەبارەت بە " نا جێگیریی ئاسایش " لە پایتەختدا.

وەزیری ناوخۆی لیبیا عیماد تەڕابلسی لەو کاتەدا ڕایگەیاند گروپە چەکدارییەکان لە تەڕابلس ڕازیبوون بڕۆن و لە شوێنییان هێزە ئاساییەکان دابندرێن.

بەڵام هیچ چوارچێوەیەکی کاتی بۆ ئەوە دیاری نەکرد، وتی دوای ڕەمەزان ئەو ڕێوشوێنە جێبەجێ دەکرێت.

لیبیا دابەش بووە بەسەر دوو دەسەڵاتدا، یەکێکییان حکومەتی تەڕابلسە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانراوە، ئەوی دیکەیان بەڕێوبەرایەتییەکە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا کە دژایەتی حکومەت دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG