Accessibility links

حکومەتی یەکگرتووی نیشتیمانی لە لیبیا سوێندی یاسایی دەخوات


سەرۆک وەزیری نوێی لیبیا عەبدولحەمید دبیبە
سەرۆک وەزیری نوێی لیبیا عەبدولحەمید دبیبە

یەکەمین حکومەتی یەکگرتووی نیشتیمانی لیبیا دوای چەند ساڵێک لە شاری تەبرەق لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە سوێندی یاسایی خوارد، حکومەتە نوێیەکە ڕاسپێردراوە بۆ یەکخستنەوەی وڵاتەکە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی توندوتیژی و دابەشبوونەوە دەناڵێنێت.

حکومەتەکە کە لەڕێی پڕۆسەیەکەوە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی کرد و هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی وڵاتەکە پەسەندی کرد، باشترین هیوایە بۆ دانانی سنوورێک بۆ ململانێکانی ناوخۆی لیبیا کە لە دوای لەکارلابردنی سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکە موعەمەر قەزافیەوە سەریانهەڵداوە.

سەرۆک وەزیری لیبیا عەبدولحەمید دبیبە لە میانەی سوێند خواردنەکەیدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەدا وتی " سوێند بەخوای مەزن ئەرکەکانم بە تەواو ئەمانەت و ڕاستگۆییەوە ئەنجام بدەم."

حکومەتەکەی دبیبە شوێنگرەوەی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانیە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانرابوو لە تەڕابلس و باکووری ڕۆژئاوای لیبیا، هەروەها شوێنگرەوەی ئەو بەڕێوبەرایەتیەی دیکەشە کە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە ڕابەرایەتی خەلیفە حەفتەر کاری دەکرد و ڕکابەری حکومەتەکەی تەڕابلس بوو.

جێی ئاماژەیە لە ململانێکانی ناوخۆی لیبیادا وڵاتانی بیانیش ڕۆڵیان هەبوو، لەوانەش تورکیا و میسڕ و ئیماڕات و ڕوسیا.

لەمیانەی مەراسیمی سوێندخواردنەکەدا، دیبلۆماتکارانی ڕۆژئاوا و تورکیا و میسڕیش ئامادەبوون. تورکیا پشتیوانی لە حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی دەکرد لە تەڕابلس، لەکاتێکدا میسڕ پشتیوانی لە بەڕێوبەرایەتیەکەی خەلیفە حەفتەری ڕابەری هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا ( سوپای نیشتیمانی لیبیا ) دەکرد.

بەڵام ڕوسیا و ئیماڕات دیبلۆماتکاریان نەناردبوو بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکەدا، بەڵام بە ئاشکرا پێشوازییان لە دەستنیشانکردنی حکومەتە نوێیەکە کرد، پێشتریش ڕوسیا و ئیماڕات پشتیوانیان لە خەلیفە حەفتەر دەکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG