Accessibility links

65 لە سەرنشینانی فڕۆکە لیبیـەکە لە فڕۆکەخانەی ماڵتا ئازاد دەکرێن

  • VOA News

فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئەفریکایی کە دەوڵەتی لیبیا خاوەنێتی، ئەمڕۆ هەینی لە میانەی گەشتێـکی ناوخۆی وڵاتەکەی بە 118 کەسەوە کە حەوتیان تاقمی فڕۆکەکەن بەرەو وڵاتی ماڵتا ڕفێندرا و لە ئێستادا 25 سەرنشینی ئازادکراون.

جۆزێف موسکات سەرۆک وەزیری ماڵتا لە ڕێگەی تویتەرەکەی خۆی هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و نووسیویەتی" ئاگادارکراومەتەوە فڕۆکەیەک لە میانەی گەشتێـکی ناوخۆی لیبیادا ڕفێندراوە و ئاڕاستەکەی بەرەو ماڵتا گۆڕدراوە. ڕێوشوێنی ئاسایشی و فریاگوزاری خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشیـیەوە."

فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی ڤالیتای ماڵتا نیشتووەتەوە و بەپـێی دوایـین نووسینی سەرۆک وەزیری ماڵتا هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە 65 سەرنشین ئازادکراون.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان پـێدەچێت دوو کەس فڕۆکەکەیان ڕفاندبێت کە لە جۆری ئێرباسی A320 ـە و جگە لە حەوت کەسی تاقمی فڕۆکەکە 28 ژن و منداڵێـک و 82 پـیاو سەرنشینی لە نێودابووە.

فڕۆکەکە لە سەبهای باشوری ڕۆژئاوای لیبیاوە بەرەو تەرابلوسی پایتەخت بەڕێکەوتبوو.

کاربەدەسـتێـکی ئاسایشی لە فڕۆکەخانەی لیبیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت سەرەتا فڕۆکەوانی فڕۆکەکە پەیوەندی بە تاوەری پەیوەندیـیەکانی فڕۆکەخانەی تەرابلوس کردبوو و گوتبووی کەسانێـک هەن دەیانەوێت فڕۆکەکە بفڕێنن. پاشان پەیوەندی بە فڕۆکەکەوە بڕاوە.

جێی ئاماژەیە ماڵتا وڵاتێـکی بچوکی ئەوروپایە و دورگەیەکە لە ناو دەریای ناوەڕاست و نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی باکوری لیبیاوە دورە.

XS
SM
MD
LG