فڕۆکە جەنگیـیەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە هێرشی ئاسمانیـیان کردە سەر شوێنەکانی داعش لە شاری سرت لە باکوری لیبیا و بەپـێی حکومەتی لیبیا زیانی گەورە بەر داعش کەوتووە.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بەیانـنامەیەکدا گوتی حکومەتی لیبیا داوای کردووە، ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لە لیبیا ئەنجام بدات و لەسەر ڕاسپاردەی ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی دەستەی ئەرکان، سەرۆک ئۆباما فەرمانی بە هێرشەکان دا.
لە لیبیاش، فایز ئەلسەراج سەرۆک وەزیری حکومەت لە ڕاگەیاندنێـکیدا لەسەر تەلەفیزیۆن گوتی بە شێوەیەکی فەرمی ئەم داوایەی لە ئەمەریکا کردووە، وە هێرشەکەی ئەمڕۆ شوێنی دیاریکراوی داعشی کردووەتە ئامانج و زیانی گەورەی پێ گەیاندوون. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێرشەکان لە چوارچێوەی خشتیەکی کاتی دیارکراو دەبن و لە سنووری شاری سرت و دەورەبەری تێپەڕ نابێت.
جێی ئاماژەیە لەوەتای مانگی شەشی ساڵی 2015 وە داعش شاری سرتی داگیرکردووە و بەردەوام هەوڵی داوە بۆ ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری پـێشڕەوی بکات، بە تایبەت کێڵگە نەوتیـیەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکە، بەڵام شکستی هێناوە.