ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRW دەڵێت داعش لەوەتای دەسـتی گرتووە بەسەر شاری سرتی لیبیا بە دەیان کەسی ئیعدامکردووە، ئەمەش بۆخۆی تاوانی جەنگە.
ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا نووسیویەتی لەوەتای مانگی دووی سـاڵی 2015 وە داعش چووەتە ناو شاری سرتەوە، 49 کەسی بە شێوەی دڕندانە ئیعدامکردووە، ئیدی بە سەربڕین یان گولـلەبارانکردن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە لە نێو ئیعدامکراوەکاندا چەکداری بەدیلگیراو و کەسانی سیاسی نەیار هەن و هەروەها کەسانێـکیش کە داعش بە سیخوڕ و جادوکەر و فاڵچی تاوانباری کردوون.
ڕاپـۆرتەکە کە لە 41 لاپەڕە پـێـکهاتووە، قسەی دانیشتوانی شارەکەی تێدایە کە گوتویانە دیمەنی ئیعدامکردنی زۆر ترسناکیان بینیوە، وەکو سەربڕین لەسەر شەقامەکان یان کەسیان کوشتووە و پاشان لە خاچیان داوە و لە شوێنە گشتیـیەکان دایانناوە هەتا خەڵکی بیانبینێت.
هەروەها گوتویانە ئەو هێزەی داعش دایناوە و پـێی دەڵێت "ئەلحەسەبە" کە بەرپـرسن لە سزادانی خەڵکی لەسەر ڕەفتارەکانیان، خەڵکی جەڵد دەکەن لەسەر جگەرە کێشان یان گوێگرتن لە موزیک و تەنانەت لەسەر ئەوەی بەسەر ژنەکانیان نەیانسەپاندووە جلوبەرگی فش بپـۆشن.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت ئەم ئیعدامکاریـیانەی داعش لە شاری سرت ئەنجامی داون، تاوانی جەنگن کە دەگەنە ئاستی تاوانی دژی مرۆڤایەتی. دەشڵێت لەم کاتەی جیهان چاوی هەر لەسەر پـێشێلکاریـیەکانی داعشە لە عێراق و سوریا، ئەوەتا داعش لە لیبیا ئەو تاوانانە ئەنجام دەدات و لێی دەربازدەبێت.
ژنێـک بە ناوی ئەحلام کە تەمەنی 30 سـاڵە گوتویەتی " هەموو خەڵکی لە ژێر ترسدا دەژین، داعش خەڵکی بێ تاوان دەکوژت. بازاڕ و فرۆشگا و نەخۆشخانە و پـزیشک لە شارەکە نەماوە. لە هەموو جادەیەک سیخوڕێـکی لێـیە. خەڵکێـکی زۆر شارەکەیان چۆڵکردووە، بەڵام ئێمە ئەو پارەیەمان نیـیە بڕۆین و شارەکە جێبهێڵین."
هەروەها داعش خوێندنی لە زانکۆی سرت ڕاگرتووە و وتنەوەی وانەکانی مێژوو و یاسای قەدەغەکردووە و خوێندکارانی کوڕ و کچی لە یەک جیاکردووەتەوە. بەڵام هاوکات بە لایەنی کەم 3 زیندانی لە شارەکە کردووەتەوە، لەوانە یەکێـکیان لە قوتابخانەیەکی باخچەی ساوایاندا.
لە کۆتایـیدا ڕێکخراوەکە داوا لە هەموو لایەنەکانی شەڕ لە لیبیا دەکات هەرچی ڕێوشوێن هەیە بیگرنەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل. داواش لە دەسەڵاتدارانی لیبیا و وڵاتانی بە توانا دەکات لە ئێسـتادا هەرچیـیەکیان پـێدەکرێت بیکەن بۆ دەسـتگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بەرپـرسیارن لەو تاوانانەی داعش و لایەنەکانی دیکە ئەنجامی دەدەن. هەروەها داوا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کەسێـکی شارەزای بێ لایەن دابمەزرێنێت یان هەر میکانیزمێـکی دیکە دابنێت بۆ تۆمارکردنی پـێشێلکاریـیە گەورەکانی لە لایەن داعش و هەموو لایەنەکان لە لیبیا ئەنجام دەدرێن، تاوەکو ئەو پـێشێلکاریـیانە ڕابگیرێن و لێبرسنەوە لە ئەنجامدرانیان بکرێت.