Accessibility links

هێزەکانی حەفتەر ڕێگە لە گەشتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرن بۆ پایتەختی لیبیا


وتەبێژی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا ( سوپای نیشتیمانی لیبیا ) بە ڕابەرایەتی خەلیفە حەفتەر وتی سوپای نیشتیمانی ڕێگە نادات نەتەوە یەکگرتووەکان فڕۆکەخانەی مەعیتیقە لە تەڕابلس بەکاربهێنن کە تەنها فرۆکەخانەیە کاردەکات و هێزەکانی حەفتەر دەیانەوێت دەستی بەسەردا بگرن.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانیکردن لە لیبیا لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەدا سوپای نیشتیمانی لیبیا کۆسپ دەخەنە بەردەم هەوڵە مرۆییەکان و ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ نێوەندگیری لە وڵاتەکەدا.

سوپای نیشتیمانی لیبیا کە هەریەک لە میسڕ و ئیماڕات و ڕوسیا پشتیوانی لێدەکەن لە مانگی چواری ساڵی ڕابردووەوە هەوڵدەدەن تەڕابلسی پایتەختی لیبیا کۆنتڕۆڵ بکەن بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.

بەڵام لەڕووی ئاسمانییەوە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا باڵادەستن بەهۆی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەوە کە ئیماڕات بۆیانی دابین دەکات.

وتەبێژی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا ( سوپای نیشتیمانی لیبیا ) ئەحمەد مسماری بە ڕۆژنامەنووسانی وت پێویستە لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان فڕۆکەخانەکانی دیکە بەکاربهێنێت چونکە هێزەکانی ناتوانێت گرەنتی پارێزراوی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی مەعیتیقە بدات بەهۆی ئەوەی ئێستا تورکیا ئەو فڕۆکەخانەیە بەکاردەهێنێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتن لەسەر یەکەمین بڕیار سەبارەت بە جەنگی ناوخۆی لیبیا و ئاماژەیان بەوەدا " نیگەرانین سەبارەت بەوەی تیرۆریستان و گروپە چەکدارەکان ئەم ململانێیە بقۆزنەوە." هەروەها داوای ئاگربەستی هەمیشەییان کرد بەپێی ئەو مەرجانەی لیژنەی هاوبەشی سەربازی لیبیا ڕێکەوتوون لەسەری.

دیبلۆماتکاری باڵای ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەیڤد شینکەر وتی " لیبیا شوێنی هێزەکانی ڕوسیا و چەکدارانی سوریا و چاد و سودان نیە. شوێنی ئیماڕاتیەکان یاخود ڕوسەکان یاخود تورکەکان نیە تا بێن لەسەر ئەو خاکە شەڕ بکەن لەڕێی نێوەندگیرەکانیەوە کە پشتیوانی و کۆمەکییان دەکەن."

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەدا سوپای نیشتیمانی لیبیا لە ماوەی ئەم سێ هەفتەیەی ڕابردوودا ڕێگەیان بەو گەشتە ئاسمانیانە نەداوە کە هاتوچۆ بە کارمەندەکان دەکەن بۆ لیبیا و دەرەوەی لیبیا.

سەرچاوەیەک کە لە بواری یارمەتییە مرۆییەکاندا کاردەکات وتی حەفتەر " قەدەغەکردنی گەشتی " لە تەڕابلس ڕاگەیاندووە و ترسی ئەوە هەیە گەشتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ببنە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG