ڕابه‌ری سه‌رهه‌ڵداوانی لیبیا ده‌ڵێت بزووتنه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن ئاماده‌یه ڕێگابدات به ڕابه‌ری لیبیا موعه‌ممه‌ر قه‌زافی له وڵاته‌که‌دا بمێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر بێت و ده‌ستی له کار کێشایه‌وه و ڕه‌زامه‌ندی دا له‌سه‌ر چاودێری نێوده‌وڵه‌تی بۆ جموجۆڵه‌کانی.
له چاوپێکه‌وتنێکدا ڕۆژی یه‌کشه‌مه له‌گه‌ڵ ئاژانسی ڕۆیته‌رزدا، مسته‌فا عبدولجهلیل گوتی سه‌رهه‌ڵداوان مانگێک له‌مه‌وبه‌ر له ڕێگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه پێشنیازێکیان خسته به‌رده‌م به‌ڕێز قه‌زافی، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه. به‌ڕێز عبدولجهلیل ئه‌م لێـدوانه‌ی له شاری به‌نغازی له ڕۆژهه‌ڵاتی لیبیا دا.
مسته‌فا عبدولجهلیل ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌ڕێز قهدافی ده‌ستی له‌کارکێشایه‌وه و فه‌رمانی دا به هێزه‌کانی له جێگاکانیان بکشێنه‌وه، ئه‌وا ئه‌و ده‌مه ده‌توانرێت بڕیار بدرێت له لیبیادا بمێنێته‌وه یان نا. ڕابه‌ری سه‌رهه‌ڵداوان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر موعه‌ممه‌ر قه‌زافی ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه ئه‌وا سه‌رهه‌ڵداوان جێگای مانه‌وه‌ی ده‌ستنێشان ده‌که‌ن و هه‌موو جمووجۆڵی ده‌بێت له ژێر چاودێری نێودهوڵهتیدابێت.
موعه‌ممه‌ر قه‌زافی بهڵێنیدا هه‌تا کۆتایی دژ به‌و سه‌رهه‌ڵداوانه بجه‌نگێت که له مانگی دووه‌وه له دژی حوکمڕانیـیه 42 سـاڵه‌که‌ی ڕاپه‌ڕیون. هێزه‌کانی ڕۆژئاوا پشتیوانیان له داوای سه‌رهه‌ڵداوان کرد بۆ وه‌لادانی موعه‌ممه‌ر قه‌زافی له ده‌سه‌ڵات. هه‌روه‌ها ناتۆ به هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر هێزه‌کانی لایه‌نگری قه‌زافی به‌شداریکرد تاوه‌کو ڕێـگه نه‌دات هێرش بۆ سه‌ر خه‌ڵـکی سیڤیل بکه‌ن.
گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی کاتی لیبیا گوتی ڕه‌زامه‌ندی یه‌کێتی ئه‌فریکا له ڕۆژی هه‌ینیدا له‌سه‌ر پلانی سازشکردن له ململانێی لیبیادا سه‌رکه‌وتوونه‌بوو چونکه تیایدا داوا له قه‌زافی ناکرێت واز له ده‌سه‌ڵات بهێنێت.
عه‌بد ئه‌لحه‌فیز غۆقه ده‌ڵێت سه‌رهه‌ڵداوان له هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازیدا به‌رده‌وام ده‌بن تا ئه‌و کاته‌ی به‌ڕێز قه‌زافی له ده‌سه‌ڵات لا ده‌ده‌ن ، یاخود ده‌ست له کار بکێشێته‌وه و ڕێگه بدات لیبیا به‌ره‌و دیموکراسی هه‌نگاو بنێت.