Accessibility links

حکومه‌تی کاتی لیبیا ناشتنی قه‌زافی دواده‌خات


حکومه‌تی کاتی لیبیا ناشتنی قه‌زافی دواده‌خات
حکومه‌تی کاتی لیبیا ناشتنی قه‌زافی دواده‌خات

کاربه‌ده‌سـتانی حکومه‌تی کاتی لیبیا به‌رنامه‌کانیان بۆ ناشـتنی ڕێبه‌ری پـێشـوو موعه‌ممه‌ر قه‌زافی له‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی دواخست، ئه‌مه‌ش ڕۆژێـک له‌ پاش کوژرانی له‌و ده‌مه‌ی جه‌نگاوران په‌لاماری شـاری سرتی شوێنی له‌دایکبوونیان دا.

کاربه‌ده‌سـتان له‌ سه‌ره‌تادا گوتیان قه‌زافی ڕۆژی هه‌ینی له‌ شوێنێـکی نهێنیدا ده‌نێژرێت.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ له‌ زاری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نیشـتیمانی قۆناغی گواستنه‌وه‌ (NTC) بڵاویانکردووه‌ته‌وه‌ که‌ گوتوویانه‌ ناشـتنی قه‌زافی ڕه‌نگه‌ بۆ چه‌ند ڕۆژێـک دوابخرێت چونکه‌ یه‌ک‌لایان نه‌کردۆته‌وه‌ له‌ کوێ بینێژن و هه‌روه‌ها له‌به‌ر شیانی لێـکۆڵینه‌وه‌یه‌کی دادگای تاوانی نێونه‌ته‌وه‌یی.

ئاژانسی هه‌واڵه‌کانی ڕۆیته‌رز ده‌ڵێت حکومه‌تی کاتی تاووتوێی بژاره‌ی ڕاده‌سـتکردنی ته‌رمی قه‌زافی بۆ خێڵه‌که‌ی خۆی (قه‌زافه‌) ده‌کات تاوه‌کو بینێژن.

هاوکات ئۆفیسی مافه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان داوایکردووه‌ لێـکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر مردنه‌که‌ی قه‌زافی ئه‌نجام بدرێت. گوته‌بێژ ڕوپـێرت کۆڵڤێڵ ڕۆژی هه‌ینی گوتی چۆنێتی مردنی ڕێبه‌ری پـێشـووی لیبیا ڕوون نیـیه‌ و ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی ئه‌وی تێدا نیشـان دراون جێی بێزارین‌.

ڤیدیۆیه‌ک که‌ به‌ ته‌له‌فونی ده‌سـتی له‌ سرت گیراوه‌ نیشـانی ده‌دات جه‌نگاوه‌رانی NTC قه‌زافی به‌ برینداری هه‌ڵیده‌گرنه‌وه‌ به‌ ماوه‌یه‌کی کورت به‌ر له‌وه‌ی بمرێت. دواتر له‌ وێنه‌کان وه‌ها ده‌رده‌که‌وێت که‌ کوژرابێت.

ڕاپـۆرتی جودا سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی مردنه‌که‌ی هه‌یه‌. سه‌رۆک وه‌زیری کاتی مه‌حمود جبریل گوتویه‌تی قه‌زافی له‌ شوێنێـکی نهێنی ناو لوله‌یه‌کی ئاوه‌ڕۆ هێنراوه‌ته‌ ده‌رێ، دواتر له‌ شه‌ڕه‌ ته‌قه‌یه‌کدا له‌ نێوان جه‌نگاوه‌رانی لایه‌نگران و نه‌یارانی قه‌زافیدا به‌ سه‌ختی برینداربووه‌.

کاربه‌ده‌سـتانی دیکه‌ گوتوویانه‌ ئه‌و لێـدراوه‌ و پاشـان کوژراوه‌.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ لیبیـیه‌کان له‌ ئاهه‌نگـگێڕانی خۆیاندا به بۆنه‌ی کۆتایی‌هاتنی سه‌رده‌می قه‌زافی به‌رده‌وام بوون. هاوڵاتیان له‌ خۆشیدا ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و هه‌ندێـکیان ته‌قه‌ی خۆشیان به‌ ئاسـماندا ده‌کرد و ئاڵای نوێی وڵاته‌که‌یان به‌رزده‌کرده‌وه‌.

کاربه‌ده‌سـتانی حکومه‌تی کاتی ده‌ڵێن ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌ فه‌رمی ڕزگاربوونی لیبیا ڕاده‌گه‌یه‌نن و ده‌ست به‌ گواستنه‌وه‌ی حکومه‌ت ده‌که‌ن.

XS
SM
MD
LG