Accessibility links

دادگایەکی بەریتانیا بڕیاری سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ سێ تاوانکاری کورد دەرکرد


دادگایەکی بەریتانیا بڕیاری سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ سێ کورد دەرکرد بە تاوانی ئاگربەردانە فرۆشگایەک بە ئامانجی بەدەستهێنانی نزیکەی 385 هەزار دۆلار وەک قەرەبوو لە کۆمپانیایەکی بیمە.

بەپـێی دادگایەکی شاری لیستەر لە ناوەڕاستی بەریتانیا، هەریەک لە ئەرکان عەلی تەمەن 37 ساڵ و هاوکار حەسەن تەمەن 32 ساڵ و ئارام کورد تەمەن 33 ساڵ لە شەوی 25 ی مانگی دووی ساڵی 2018 هەستابوون بە سووتاندنی 86 لیتر بەنزین لە فرۆشگای پـۆڵەندی Polish store کە ئارام کورد خاوەنەکەی بووە.

لە ئەنجامدا تەقینەوەیەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی وێرانبوونی فرۆشگاکە و ئەپارتمانێکی سەروو فرۆشگاکە و گیان لەدەستدانی 5 کەس کە سیانیان ئەندامی یەک خێزان بوون.

ژنێکی تەمەن 22 ساڵ کە لە فرۆشگاکەدا کاری بۆ دەکردن لە نێو قوربانیـیەکاندایە.

دادوەرەکە لە کاتی بڕیاردانی حوکمەکە گوتویەتی کەم تاوانکار هەن بە ئەندازەی ئەم سێ تاوانکارە دڵڕەق و ساختەچی بن.

خۆسێ ڕاگووبێر کە باوکی ئەو خێزانەیە سێ ئەندامی لە تەقینەوەکەدا بوونە قوربانی، بە دادگای گوت ئەوان هاتبوونە بەریتانیا تاوەکو ژیانێکی باشتر بۆخۆیان مسۆگەربکەن، بەڵام وا ئێستا هەموو خەون و ئاواتەکانیان لەدەست دا.

XS
SM
MD
LG