سوپای لوبنان دەڵێت لە شارۆچکەی دەیر عەمار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری تەڕابلس سەرکردەیەکی دیاری ئەل قاعیدەی دەستگیرکردووە.
سوپای لوبنان ناوی تەواوی پیاوە دەستگیرکراوەکەی ئاشکرا نەکرد و تەنها بە " تی ئێم " ناساندی و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی دەستگیرییان کردووە.
وتیشی " تی ئێم یەکێکە لە دیارترین سەرکردەکانی ئەل قاعیدە و دامەزرێنەری شانەکانی ' ئەل قاعیدەیە ' لە لوبنان."
وتیشی " هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە دامەزراندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی فەتح ئەل ئیسلامدا." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو گروپە چەکدارییەی کە بەهۆی ئەل قاعیدەوە دامەزرا و زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر لە لوبناندا چالاک بوو.
سوپای لوبنان وتی تی ئێم لە ساڵی 2007 دا دوابەدوای شەڕێکی سەخت لە نێوان سوپا و فەتحی ئەل ئیسلامدا لە کامپێکی پەنابەران لە باکووری لوبنان، خۆی ون کرد.
وتیشی دواتر دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی داعش و گروپی چەکداری بەرەی نوسڕەی سوریی، وەکو سەرکردەیەکی دیار گەڕایەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز