Accessibility links

حکومەتی نوێی لوبنان پـێکهێنرا


لە پاش زیاتر لە هەشت مانگ لە هەڵبژاردنە گشتیـیەکان و مشتومڕ و کێشمەکێشی لایەنە سیاسیـیەکانی لوبنان، ئەمڕۆ پـێنجشەممە حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە پـێکهێنرا.

سەعەد ئەلحەریری پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە کۆشکی سەرۆکایەتی بعەبدا و لەوێ لیستی ناوی کابینەی حکومەتە نوێـیەکەی دایە دەستی میشێل عۆن سەرۆکی لوبنان. پاشان هەردووکیان پـێکەوە واژویانکرد.

حکومەتە نوێـیەکە لە 30 وەزیر پـێکهاتووە کە چواریان ژنن، لەوانە ڕۆژنامەوان و بێژەر مەی شدیاق بۆ پـۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ پەرەپـێدانی بەڕێوەبردن.

بەڵام سێ وەزیری حکومەتەکە سەر بە حزبوڵڵان، لەوانە جەمیل سوبحی جەبق بۆ پـۆستی وەزیری تەندروستی کە پـزیشکی تایبەتی حەسەن نەسروڵڵای ڕێبەری حزبوڵڵایە.

پاش ڕاگەیاندنی پـێکهێنانی حکومەتەکە سەعەد حەریری لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی " بەرەو کارکردن."

بەپـێی دەستوری لوبنان لە ئێستادا دەبێت حکومەتی نوێ بەیاننامەی کابینەکەی خۆی بخاتە بەردەم پەرلەمان تاوەکو لە ماوەی 30 ڕۆژدا پەسەندی بکات.

چاوەڕوان‌دەکرێت ڕۆژی شەممە یەکەم دانیشتنی حکومەتی نوێ بەڕێوەبچێت.

جێی ئاماژەیە لە 6 ی مانگی پـێنج هەڵبژاردنە گشتیـیەکان بەڕێوەچوون.

XS
SM
MD
LG