Accessibility links

میشێل عۆن سەرۆکی نوێی لوبنانە


Midest Lebanon Presidential Elections Saad Hariri, stands next of Christian leader Michel Aoun
Midest Lebanon Presidential Elections Saad Hariri, stands next of Christian leader Michel Aoun

لوبنان پاش نزیکەی دوو ساڵ و نیو و 46 دانیشتنی پەرلەمانی توانی سەرۆکێـکی نوێ بۆ وڵاتەکەی پەسەندبکات کە ڕێبەری بەشێـک لە کرستیانەکانی وڵاتەکەیە.

پەرلەمانی لوبنان ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونی 127 پەرلەمانتار لە کۆی 128 پەرلەمانتار پـرۆسەی دەنگدانەکەی بۆ ئەم مەبەستە سازکرد. ئەو پەرلەمانتارەشی ئامادەنەبوو، نزیکەی مانگێـکە دەسـتی لەکارکەی کێشاوەتەوە.

لە یەکەم خولی دەنگدان 84 دەنگی بەدەسـتهێنا و پەسەند نەکرا، چونکە بەپـێی دەستور دەبێت لە یەکەم خول بە لایەنی کەم بە دەنگی دوو لەسەر سێی دەنگەکان پەسەندبکرێت کە 86 دەنگ دەکات.

پاشان لە دووەم و سێـیەم خول پـرۆسەی دەنگدانەکە پـوچەڵ کرایەوە بەهۆی لە هەردوو خولەکە 128 کاغەز لە بری 127 کاغەز خرابوونە نێو سندوقی دەنگدانەکە. ئیدی نەبیهـ بەرری سەرۆکی پەرلەمان بێزاری خۆی دەربڕی و بە زمانی خۆیان گوتی (یاعیب الشوم)، واتە ئەی کە جێی شەرمە.

دواتر لە چوارەم خول بە 83 دەنگ پەسەندکرا لە بەرامبەر 36 کاغەز کە بە سپـێتی خرابوونەوە نێو سندوقەکەوە و 7 کاغەزیش دەنگەکانیان پـوچەڵکرانەوە و دەنگێـکی نەرێ کە هی پەرلەمانتار ستریدا جەعجەع بوو.

پاشان میشێل عۆن وەکو 13 هەمین سەرۆکی لوبنان سوێندی یاسایی خوارد و وتارێـکی بەم بۆنەیەوە پـێشکەشکرد و کارنامەی خۆی بۆ 6 سـاڵی داهاتووی سەرۆکایەتیـیەکەی خستە ڕوو و بەڵێنی دا وڵاتەکەی لە شەڕ و ناکۆکیـیەکانی ناوچەکە بە دور بگرێت، بە تایبەتی شەڕی ناوخۆی سوریا.

جێی ئاماژەیە میشێل عۆن سێـیەم فەرماندەی لەشکریـیە پـۆستی سەرۆکی لوبنان بگرێتەدەست. کەسایەتیـیەکی کرستیانە مارۆنیـیەکانە و سەمیر جەعجەع ڕکابەری سەرەکیـیەتی لە نێو کۆمەڵگەی کرستیانی وڵاتەکە. بەڵام پەیوەندیـیەکی توندی هەیە لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان.

XS
SM
MD
LG