Accessibility links

هەشت تێرۆرستی خۆکوژ خۆیان لە گوندێـکی کرستیانی لوبنان دەتەقێنـنەوە


کاربەدەسـتانی لوبنان دەڵێن هەشت تێرۆرستی خۆکوژ خۆیان تەقاندووەتەوە لە گوندێـکی کرستیانەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 5 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکە برینداربوون.

سەرچاوە ئاسایشیـیەکانی لوبنان بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوت ئەم زنجیرە هێرشە خۆکوژیـیە بە درێژایی دوێنێ دووشەممە کراوەتە سەر گوندی ئەلقاع لە نزیک سنووری سوریا. گومانیش دەکەن داعش لە پشـت هێرشەکەوە بێت، هەرچەندە هەتا ئێستا کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لێ ڕانەگەیاندووە.

ئەفسەرێکی ئاسایش گوتی 4 خۆکوژیان لە بەرەبەیاندا خۆی تەقاندووەتەوە. سەرەتا خۆکوژی یەکەمیان پاش ئەوەی ڕووبەڕووی یەکێـک لە دانیشتوانی گوندەکە بووەوە خۆی تەقاندووەتەوە، پاشان لەگەڵ گەیشتنی خەڵکی بۆ شوێنی تەقینەوەکە سێ خۆکوژەکەی دیکە هەر لە هەمان شوێن بە دوای یەکتردا خۆیان تەقاندووەتەوە و لە ئاکامدا 5 کەسی سیڤیل کوژراون و 4 سەربازیش برینداربوون.

بەشیر متەر (بشیر مطر) سەرۆکی ئەنجومەنی گوندەکە یەکێـک بووە لەوانەی گەیشتبووە شوێنی ڕووداوەکە و لەو دەمەی خۆکوژی چوارەم هەوڵی داوە خۆی بتەقێنێتەوە هەستی پـێکردووە و دەسـتبەجێ بە دەمانچەکەی خۆی کوشتوویەتی. دوابەدوای ئەمە داوای لە دانیشتوانی گوندەکەی کرد لە ماڵەکانیان بمێنەوە و تەقە لە هەر کەسێـک بکەن کە جێگەی گومان بێت. هاوکات بڕیاری دا قەدەغەی هاتوچۆ بەسەر پەنابەرانی سوری لە ناوچەکە بسەپـێنرێت.

لە ئێوارەشدا کاتێـک خەڵکی گوندەکە سەرقاڵی نوێژ و نزابوون لەسەر تەرمی قوربانیەکان لە کڵێسای گوندەکە، چوار خۆکوژی دیکە لە دەرەوەی کڵێساکە خۆیان بە خەڵکی تەقاندووەتەوە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 15 کەس برینداربوون.

نهاد ئەلمشنوق وەزیری ناوخۆی لوبنان ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی گوندی ئەلقاعی کرد و گوتی هەر هەشت خۆکوژەکە لە سوریاوە هاتبوون نەک لە کەمپی پەنابەران.

XS
SM
MD
LG