Accessibility links

ئەمەریکا ڕەخنەی توند دەگرێت لە گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە لوبنانەوە بۆ سەر سنوورەکانی عێراق

  • VOA News

نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش ڕەخنەی توندی لەو سەودایە گرت کە لە نێوان لەشکری لوبنان و حزبوڵڵا لەگەڵ داعش کراوە بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە جرود عرسالی لوبنانەوە بەرەو ناوچەی بوکەمالی سوریا لە نزیک سنووری عێراق.

برێت مەکگورک ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەری فەرمی خۆی لەم بارەیەوە نووسیویەتی"ئەمە جێی قبوڵ نیـیە، تێرۆرستانی داعش دەبێت لە شەڕدا بکوژرێن، نەک بە پاس لە سوریاوە بۆ سەر سنووری عێراق ببرێن بەبێ ڕەزامەندی عێراق. هاوپەیمانێتیـیەکەمان یارمەتی دەدات لەوەی مسۆگەری بکات ئەو تێرۆرستانە هەرگێز نەتوانن بچنە ناو خاکی عێراقەوە یان پاشماوەکانی "خەلافەت" هەڵبێن."

دوێنێ سێشەممەش حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا ئەویش گوتی جێی قبوڵ نیـیە ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش بگوێزرێنەوە بۆ ناوچە سنوریـیەکان لەگەڵ عێراقدا. گوتیشی هێزەکانی عێراق ئامانجیان لەناوبردنی داعشە نەک سنووردارکردنی.

لوبنانیـیەکان دەڵێن ئەم ڕێکەوتنەیان بە ئامانجی کۆتایی‌هێنانە بە بوونی گروپە تێرۆرستیـیەکانە لە ناوچە سنووریـیەکانیان لەگەڵ سوریادا و هەروەها بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو سەربازانەیە کە لە ساڵی 2014 وە لە لایەن داعشەوە ڕفێندرابوون.

بەڵام بەپـێی دوایـین هەواڵ کە لە لایەن کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤەوە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی حکومەتی سوریا کاروانی پاسەکانیان ڕاگرتووە و هێشتا مۆڵەتیان پـێنەداون بەرەو ناوچەکانی داعش بڕۆن. دەشڵێت هێشتا نازانرێت ئایا ڕژێم دەیەوێت دیلی خۆی لای داعش ڕزگاربکات یان هۆکاری دیکەی لە پشتەوەیە.

XS
SM
MD
LG