Accessibility links

خۆپیشاندانەکانی لوبنان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین


بەهۆی خراپتربوونی قەیرانی دارایی وڵاتەکەوە کە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و کەمبوونەوەی کارەبا لە وڵاتەکەدا، خۆپیشاندەرانی لوبنان شەقامەکانیان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا داخست.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆی لوبنان ئاماژەیان بەوەدا خۆپیشاندانەکان دوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەڕێوەچوون، هۆکارێکی دیکەش بۆ خۆپێشاندانەکان کەمبوونەوەی کارەبایە لە وڵاتەکەدا کە هۆکارەکەی کەمیی سوتەمەنییە، ئەوەش بووە هۆی بڕانی کارەبا لە نەخۆشخانەی سەرەکی بەیروت و بارەگای هێزەکانی ئاسایش.

پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس وتیان خۆپیشاندەران شەقامە سەرەکییەکانیان داخستووە و تایە و تەنەکەی خۆڵیان لە بەیروت سوتاندووە، هاوکات دەزگای هەواڵی فەڕمی نیشتیمانی لوبنان وتی ڕێگاکانی باکوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی بەیروت داخراون.

دەزگاکە وتی خۆپیشاندەران لە شاری نەباتیەی باشووری لوبنان ئوتومبێلەکانیان لە ناوەڕاستی شەقامەکاندا ڕاگرتووە و جوڵەی هاتوچۆیان وەستاندووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG