Accessibility links

هێزەکانی لوبنان 27 کۆچبەر لە بەلەمێکی نقوومبوودا ڕزگار دەکەن


سوپای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سوپا و بەرگری شارستانی وڵاتەکە 27 کۆچبەرییان ڕزگار کردووە، ئەمەش لە کاتێکدا کە بەلەمەکەیان لە دەرەوەی کەناراوەکانی باکووری لوبنان نقووم بووە.

سوپای لوبنان ئاماژەی بەوە نەدا کۆچبەرەکان بەرەو کوێ ڕۆیشتوون و ئاماژەشی بەوە نەدا خەڵکی کوێ بوون.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردووە هەزاران کۆچبەری لوبنانی و سوریایی و فەڵەستینی لە لوبنانەوە گەشتی مەترسیدارییان کردووە بە سەرانسەری دەریای ناوەنددا، ئەوەش لە پێناو گەیشتن بە ژیانێکی باشتر لە ئەوروپادا. بەهۆی داڕووخانی ئابووری لوبنانەوە کە لە ساڵی 2019 ەوە دەستیپێکرد، ئەو جۆرە کۆچانە زیادییان کردووە.

چەندین ساڵە لوبنان میوانداری کۆچبەرانی کردووە، نزیکەی 805,000 کۆچبەری سوریایی وەرگرتووە، ئەو ژمارەیەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاست کراوەتەوە. بەڵام بەرپرسان دەڵێن ڕەنگە ژمارە ڕاستەقینەکە لە نێوان 1.5 ملیۆن بۆ 2 ملیۆن بێت. لە هەمان کاتیشدا لوبنان میوانداری دەیان هەزاران پەنابەری فەڵەستینی کردووە، زۆرێکییان لەو 12 کامپەدا دەژین کە بە سەرانسەری وڵاتەکەدا بڵاوبوونەتەوە.

لە ماوەی چەند مانگێکی ڕابردوودا، هەزاران هاووڵاتی سوریایی بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری وڵاتەکەیانەوە گەیشتوونەتە لوبنان، ئەوەش لە ڕێی خاڵە سنوورییەکانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی. بەرپرسانی لوبنان هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی کە شەپۆلی پەنابەرە سوریاییەکان ڕەنگە " ناهاوسەنگییەکی خراپ " دروست بکات کە بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی دیمۆگرافی لوبنان دەبێت.

مانگی ڕابردوو هێزەکانی لوبنان دەیان هاووڵاتی لوبنانی و قاچاخچی سوریاییان لە باکووری وڵاتەکە دەستگیرکرد، لە کاتێکدا کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ ڕەوانەکردنی کۆچبەران لە ڕێی بەلەمەوە بە دەریای ناوەنددا بۆ ئەوروپا.

مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو بەلەمێکی کۆچبەران کە لە لوبنانەوە دەرچووبوو لە کەناراوەکانی سوریا نقوومبوو، لانیکەم 94 کەس گیانییان لە دەستدا. ئەوەش یەکێک بوو لە کوشندەترین ڕووداوی کۆچبەران و دوابەدوای ئەوەش چەندین قاچاخچی دەستگیرکران.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG