Accessibility links

خۆپیشاندانی حزبوڵای لوبنان


دەیان هەزار کەس پاش داواکەی حزبوڵای لوبنان ڕژابوونە سەر شەقامەکانی باشوری شاری بەیروت وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ بۆ ناساندنی شاری ئۆرشەلیم وەک پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل.

ئەم خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ دووشەممە بە یەکێک لە خۆپیشاندانە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت دژ بەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا.

حەسەن نەسروڵا سەرۆکی حزبوڵا داوای خۆپیشاندانەکەی کردبوو.

خۆپیشاندەران لە ناوچەکانی باشوری شاری بەیروتەوە کۆبووبوونەوە، کە بە پێگە سەرەکییەکانی حزبوڵا دادەنرێن و ئاڵای فەلەستینیان هەڵکردبوو و دروشمەکانیشیان بۆ پشتیوانی لە فەلەستینیەکان بووە.

فەلەستینیەکان ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بە پایتەختی دەوڵەتەکەی ئایندەیان دادەنێن.

ئەم خۆپیشاندانەی ئەمڕۆش یەک ڕۆژ پاش خۆپیشاندانە توندوتیژ ئامێزەکانی دەرەوەی باڵێۆزخانەی ئەمریکا بووە لە بەیروت.

لەو خۆپیشاندانەدا هێزەکانی پۆلیس گازی فرمێسک ڕێژ و ئاویان بەکارهێنا بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران.

لە بەرامبەریشدا خۆپیشاندەران کە تەنها چەند سەد مەترێک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە دووربوون، بەردبارانی هێزەکانی پۆلیسیان کردبوو.

XS
SM
MD
LG