بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان ڕایگەیاند تۆڕێـکی داعشی لە وڵاتەکەی ئاشکراکردووە و هێزەکانی ئاسایش هەموو ئەندامانی تۆڕەکەیان دەسـتگیرکردووە.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی لوبنان ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر ماڵپەڕی خۆی ڕاگەیاندنەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسراوە هەموو ئەندامانی تۆڕەکە سورین و ژمارەیان 5 کەسە کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵە و لە نێوان شاری بەیرووت و ناوچەی ئەلدۆرە کاریان کردبوو.
دەشڵێت لە 17 و 18 ی ئەم مانگی حەوتە لە بەیرووت و ناوچەی بیقاع تەواوی ئەندامانی تۆڕەکە دەسـتگیرکران.
بەپـێی کاربەدەسـتانی لوبنان سەرۆکی تۆڕەکە دانی ناوە بەوەی ئەندامی داعش بووە و مەشق و ڕاهێنانی پێـکراوە و ماوەی نزیکەی 3 مانگە ڕاسپـێردراوە لە لوبنان خەڵک بکات بە داعش و ئەویش توانیویەتی ئەو 4 کەسەی کە لەگەڵیدا دەسـتگیرکراون بۆ ناو گروپەکە ڕابکێشێت.
لە ئێستادا کەیسەکە بۆ بەردەم دادگایەکی لەشکری ڕەوانەکراوە.