Accessibility links

وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان جۆرج قرداحی بەنیازە دەست لەکاربکێشێتەوە


جۆرج قرداحی
جۆرج قرداحی

شەش هەفتە دوای لێدوانەکانی سەبارەت بە جەنگی یەمەن کە بووە هۆی ناکۆکی لەنێوان لوبنان و وڵاتانی کەنداودا، وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان جۆرج قرداحی پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ دەست لەکاربکێشێتەوە.

بەرپرسێکی باڵای لوبنان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " شەوی ڕابردوو قرداحی پەیوەندی بە سەرۆک میشال عەونەوە کردووە تاوەکو بڕیارەکەی بۆ دەست لەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی پێ ڕابگەیەنێت."

قرداحی کە پێشکەشکارێکی بەناوبانگی لوبنان بوو بەر لەوەی وەکو وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان دەستنیشان بکرێت، ڕۆژی هەینی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ساز دەکات.

دەست لەکارکێشانەوەی قرداحی ماوەی چەند هەفتەیەکە باسی لێوەدەکرێت و پێشبینی دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسی و دیبلۆماتیەکەی لوبنان کە لە مانگی 10 ەوە بووەتە هۆی کێشەی سەرەکی حکومەتی لوبنان.

ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بۆ کەنداو، کە تیایدا ڕابەرایەتی هەوڵە نێودەوڵەتیەکانی کرد بۆ یارمەتیدانی لوبنان لە دەرچوون لە خراپترین قەیرانی ئابووریدا کە ڕووبەڕووی لوبنان بووبێتەوە.

ماکرۆن بۆ دوو ڕۆژ سەردانی ئەبو زەبی کرد، بەنیازیشە سەردانی قەتەڕ بکات کە سەرۆکی لوبنان میشال عەون لەمدواییانەدا سەردانی قەتەڕ و سعودیەشی کرد.

جۆرج قرداحی بەرلەوەی لە مانگی نۆدا وەکو وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان دەستنیشان بکرێت، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕەخنەی لە هاوپەیمانێتیە سەربازییەکەی سعودیە گرت لە جەنگی یەمەندا، دواتر کاتێک پۆستەکەی وەرگرت، چاوپێکەوتنەکە پەخشکرا.

لێدوانەکانی قرداحی سعودیە و کوەیت و بەحرەین و ئیماڕاتی توڕە کرد، لە وەڵامدا ئەو وڵاتانە باڵیۆزەکانیان لە بەیروت بانگکردەوە بۆ وڵاتەکانیان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG