Accessibility links

نەسڕوڵا: پێویستە لەسەر ئیسڕائیل چاوەڕێی وەڵامێکی خێرا بێت لەسەر هێرشەکەی لە بەیروت


سکرتێری گشتی کۆمەڵەی حیزبوڵای لوبنان حەسەن نەسروڵا هۆشیاریدایە سوپای ئیسڕائیل کە لەسەر سنووری لوبنان بڵاوبوونەتەوە و وتی حیزبوڵا خۆی ئامادە دەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دوو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە ئیسڕائیلییەی کە شەوی شەممە لە گەڕەکێکی باشووری بەیروت کەوتوونەتە خوارەوە.

نەسروڵا وتی " ئێمە لەپێش قۆناغێکی نوێداین." ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو دوژمنایەتییە دوورودرێژەی هەیە لەنێوان کۆمەڵەکە و ئیسڕائیلدا کە لە ساڵی 2006 دا بۆ ماوەی یەک مانگ لەگەڵ ئیسڕائیلدا شەڕیان کرد.

نەسروڵا وتی ئیسڕائیل " هێرشێکی دژی ئامانجێکی دیاریکراو ئەنجامداوە لە گەڕەکێکی باشووری بەیروت و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەکارهێناوە و ئەوەش زیادبوونی گرژییەکانە بەشێوەیەکی زۆر زۆر زۆر مەترسیدار و هەموو ڕێوشوێنێکیش دەگیردرێتە بەر بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین جارێکی دیکە ئەوە ڕووبداتەوە."

ئەم لێدوانەی نەسروڵا دوای ئەوە هات ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر سوریا و نەسروڵا وتی دوو چەکداری حیزبوڵا لەو هێرشەدا کوژراون.

بەرپرسێکی حیزبوڵا بە ڕۆیتەرزی وت فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە نزیک ناوەندێکی ڕاگەیاندنی حیزبوڵا کەوتۆتە خوارەوە و دواتر فڕۆکەیەکی دیکەی بێ فڕۆکەوان لەو نزیکانە تەقیوەتەوە و زیانی ماددی بە شوێنەکە گەیاندووە، ئەمەش لە یەکەمین ڕووداوی لەوشێوەیە لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵدا.

نەسروڵا وتی " ئەمە یەکەمین پێشێلکارییە لە یاساکانی پێکداداندا کە لە ساڵی 2006 داندراوە."

وتیشی " ئەگەر بێدەنگ بین لەم پێشێلکارییە ئەوا ڕەوشەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی زۆر مەترسیدار دەڕوات بۆ لوبنان."

نەسروڵا وتی " ئێمە ڕێگە نادەین کات بەرەو دواوە بڕوات. ڕێگە نادەین لوبنان ببێتە شوێنێک بۆرودمان و کوشتن و تەقینەوە و پێشێلکاری تیادا بکرێت. ئەم بابەتە بۆ ئێمە هێڵی سوورە."

سەرۆک وەزیری لوبنان سەعد حەریری وتی ئەو هێرشەی ئیسڕائیل بۆ سەر گەڕەکێکی باشووری بەیروت هەوڵێکە بۆ ئەوەی ڕەوشی ناوچەکە بەرەو خراپی بڕوات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG