Accessibility links

لوبنان دڵنیایی دەداتە وڵاتانی کەنداو و ئەڵمانیا


سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری لوبنان نەجیب میقاتی دەڵێت هیچ هۆکارێک نییە بۆ " نیگەرانی یاخود ترس " سەبارەت بە دۆخی ئاسایشی وڵاتەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی ئەڵمانیا و وڵاتانی کەنداو بەهۆی کەوتنەوەی توندوتیژییەوە لە لوبناندا هۆشداری نوێی گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.

سعودیە و کوەیت و بەحرەین و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا لە نێوەندی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گروپە چەکدارییە ڕکابەرەکانی فەڵەستینییەکاندا لە کامپی عەین ئەلحیلوە لە باشووری لوبنان، هۆشداریی گەشتکردنییان بۆ لوبنان نوێکردەوە.

میقاتی لە بەیاننامەیەکدا وتی لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی وڵاتەکەیدا قسەی کردووە و پێی وایە دۆخەکە " پێویست بە نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ ناکات ". ئاماژەی بەوەشدا " بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو " هەبووە لە چارەسەرکردنی توندوتیژییەکانی عەین ئەلحیلوەدا، کە بەهۆیەوە 13 کەس بەهۆی کوژراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، وەزیری دەرەوەی لوبنان عەبدوڵا بو حەبیب ئەرکێکی پێدراوە وڵاتانی عەرەبی دڵنیا بکاتەوە لەوەی کە هاووڵاتییانیان لە لوبنان پارێزراون.

باڵیۆزخانەی سعودیە لە لوبنان لە ماوەی ڕابردوودا داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بە خێرایی لوبنان جێبهێڵن و خۆیان لەو ناوچانە بەدوور بگرن کە شەڕ و پێکدادانی چەکدارییان تێدایە. وەزارەتی دەرەوەی بەحرەینیش بە هەمان شێوە داوای لە هاووڵاتیانی کرد لوبنان جێبهێڵن.

ڕۆژی شەممە کوەیت داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە لوبنان کرد کە وریا بن و خۆیان لەو ناوچانەی لوبنان بە دووربگرن کە لە ڕووی ئاسایشەوە گرژییان تێکەوتووە. بەڵام داوای لە هاووڵاتییانی نەکرد لوبنان جێبهێڵن.


هەفتەی ڕابردوو ئەڵمانیا هۆشداریی دایە هاووڵاتیان کە گەشت بۆ کامپەکانی فەڵەستینیەکان لە لوبنان و ناوچەکانی دیکە نەکەن. بەڕیتانیا هۆشداریدا دژی هەر گەشتێکی " ناپێویست " بۆ بەشەکانی باشووری لوبنان، بە ناوچەکانی نزیک عەین ئەلحیلوەشەوە.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG