Accessibility links

بەرپرسێکی فەڕەنسی: پاریس و هاوبەشەکانی هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی بەپەلە دەدەن بۆ سوپای لوبنان


بەرپرسێکی فەڕەنسی وتی لە میانەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا زلهێزەکانی جیهان هەوڵی کۆکردنەوەی دەیان ملیار دۆلار دەدەن وەکو یارمەتییەکی بەپەلە بۆ سوپای لوبنان، ئەمەش لەپێناو ئەوەی نەهێڵن لە نێوەندی قەیرانی دارایی و سیاسیی لوبناندا سوپای وڵاتەکە بڕوخێت.

فەڕەنسا ڕابەرایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر سیاسییەکانی لوبنان، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمەڵێک هەوڵی بێ ئاکامیدا بۆ ناچارکردنی سیاسییەکانی ئەو وڵاتە تاوەکو حکومەتی نوێ پێکبهێنن و چاکسازییەکان جێبەجێ بکەن.

بەهۆی دابەزینی نرخی دراوی وڵاتەکەوە کە بۆتە هۆی کەمبوونەوەی موچەکانیان، ناڕەزاییەکان لە نێو سوپا و هێزەکانی ئاسایشی لوبناندا زیادبوون.

ڕۆژی پێنجشەممە فەڕەنسا میوانداری کۆبوونەوەیەک دەکات لەگەڵ ئەمەریکا و ڕوسیا و چین و وڵاتانی ئەوروپا و کەنداوی عەرەبیدا، کۆبوونەوەکەش لەڕێی ڤیدیۆوە دەبێت.

بەرپرسێکی وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سوپای لوبنان بڕبڕەی پشتی لوبنانە و ڕێگە بە تێکچوونی ڕەوشی ئاسایشی وڵاتەکە نادات، بۆیە یارمەتیدانی سوپای لوبنان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆیە."

بەرپرسەکە وتی ئەو پشتیوانییە تەنها چارەسەرێکی کاتییە، لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵی ئەوە نادرێت موچەی سەربازەکان دابین بکرێت، بەڵکو تەنها بۆ پێشکەشکردنی خۆراک و کەلوپەلی تەندروستی و سەربازیی و سوتەمەنیە بۆ سوپای لوبنان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG