Accessibility links

ڕۆیتەرز: حزبوڵڵا زیاتر لە نیوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی لوبنانی بردووەتەوە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت بەپـێی ئەنجامە سەرەتایـیە نافەرمیـیەکان بۆ هەڵبژاردنە گشتیـیەکانی ڕۆژی یەکشەممە، گروپی حزبوڵڵای شیعەی سەر بە ئێران و هاوپەیمانە سیاسیەکانی توانیویانە زیاتر لە نیوە کورسیـیەکانی پەرلەمانی لوبنان بۆخۆیان مسۆگەربکەن.

ڕۆیتەرز ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند بەپـێی کۆمەڵێک ژمێرکاری کە کردوونی لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامە سەرەتایـیانەی دەستیکەوتوون لە ڕێگەی سیاسیـیەکان و هەڵمەتی هەڵبژاردنی کاندیدەکان و هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندن، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی حزبوڵڵا و گروپ و کەسایەتیـیەکانی لایەنگری توانیویانە بە لایەنی کەم 67 کورسی لە کۆی 128 کورسیـیەکەی پەرلەمانی لوبنان بەدەستبهێنن، واتە زیاتر لە نیوەی کورسیـیەکان.

هەروەها ئەنجامە نافەرمیـیەکان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن سەعەد ئەلحەریری سەرۆک وەزیری لوبنان کە ڕۆژئاوا پشتیوانی دەکات توانیویەتی وەک سیاسیـیەکی سوننە دەنگی بەرچاو بەدەستبهێنێت تاوەکو لیستەکەی بتوانێت ببێتە گەورەترین قەوارەی سوننەی نێو پەرلەمان، بۆیە شیانی هەیە دەسەڵاتی پـێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بەو بدرێت هەرچەندە ژمارەیەک کورسی لە ناوچەکانی خۆی دۆڕاندووە.

بەپـێی سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵات لە لوبنان پـۆستی سەرۆک وەزیر دەبێت بۆ موسڵمانێکی سووننە ببێت و پـۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کرستیانێکی ماڕۆنی و پـۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ موسڵمانێکی شیعە.

بڕیارە ئەنجامە فەرمیـیەکان ئەمڕۆ دووشەممە ڕابگەیەندرێن.

XS
SM
MD
LG