Accessibility links

توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لوبنان لە زیادبووندایە


لوبنان دەڵێت ژمارەیەکی پێوانەیی توشبوونی ڕۆژانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکردووە و لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 300 حاڵەتی توشبوون تۆمارکراوە و حەوت حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە، ئەمەش لەکاتێکدایە وڵاتەکە بە ڕەوشێکی زۆر خراپدا دەڕوات بەتایبەتی لە دوای تەقینەوە بەهێزەکەی بەیروتەوە کە بووە هۆی ئەوەی نەخۆشخانەکان توشی شڵەژان ببن.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە مانگی دووەوە تاوەکو ئێستا 7,121 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە و 78 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە. تەنانەت پێش تەقینەوەکەش حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا لە زیادبووندابووە.

لانی کەم 171 کەس بەهۆی تەقینەوەکەی بەیروتەوە گیانیان لەدەستدا و نزیکەی شەش هەزار کەسیش برینداربوون و زیانێکی گەورەی بە بەشێکی گەورەی بەیروت گەیاند و نزیکەی 300 هەزار کەسی بێ ماڵ و حاڵ کرد. نەخۆشخانەکان پڕبوون لە بریندارەکان لەکاتێکدا ئەو نەخۆشخانانە زیانێکی گەورەیان بەهۆی تەقینەوەکەوە لێکەوتووە و هەندێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکانیش برینداربوون.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جیهان تاڕیق گاراسیڤیچ وتی ئاوارەبوونی زۆرێک لە هاوڵاتیان مەترسی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکەوێتەوە.

لە 7 ی مانگی هەشتدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوایەکی بڵاوکردەوە بۆ کۆکردنەوەی 15 ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی پێداویستیە تەندروستیەکان بۆ لوبنان، ئەمەش لەکاتێکدا کەرتی تەندروستی لوبنان بەهۆی قەیرانی ئابووری وڵاتەکەوە لە بارێکی ناهەمواردایە و کەمی هەیە لە پێداویستی تەندروستی و دەرماندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG