Accessibility links

نەبیهـ بەڕی بۆ جاری شەشەم دەبێتەوە سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان


ڕێبەری بزوتنەوەی ئەمەل بۆ جاری شەشەم بە سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان هەڵبژێردرایەوە و بەمەش دەبێتە یەکەم کەس لە جیهانی عەرەبیدا بۆ ئەو ماوە درێژە لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بمێنێتەوە.

نەبیهـ بەڕی تەمەن 80 ساڵ ئەمڕۆ چوارشەممە تاکە کاندید بوو بۆ ئەم پـۆستە و لە لایەن 98 پەرلەمانتار لە کۆی 128 پەسەندکرا.

بەڕی بەو بۆنەیەوە وتارێکی پـێشکەش کرد و تیایدا شەش جار سوپاسی پەرلەمانتارانی کرد بەوەی بۆ جاری شەشەممە هەڵیدەبژێرنەوە. پاشان داوایکرد بە زوترین کات حکومەتی نوێ پـێکبهێنرێت.

هاوپەیمانێتی بزوتنەوە ئەمەل و حزبوڵڵا توانیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی 6 ی ئەم مانگی پـێنجە توانی لە کۆی 27 کورسیی شیعەکان لە پەرلەمان 26 کورسی بەدەستبهێنن.

هەموو لایەنەکان پشتیوانیان لە بەری کرد بۆ سەرلەنوێ گرتنەوە دەستی ئەم پۆستە گرنگەی وڵاتەکە، جگە لە قەوارەی میشێل عۆنی سەرۆک وەزیر نەبێت کە پەرلەمانتارەکانی ڕاسپاردبوو دەنگی پـێبدەن یان ورەقەی سپـی بدەن.

هەرچەندە بەڕی ناسراوە بەوەی یەکێک بووە لە سەرکردەکانی نێو شەڕی ناوخۆی لوبنان و تەنانەت بزوتنەوەکەی شەڕی لە دژی حزبوڵڵاش کردبوو، بەڵام لە نێو شیعەکاندا جەماوەرێتیـیەکی زۆری هەیە، بە تایبەتی لە باشوری وڵاتەکە.

بەڕی ساڵی 1938 لە شاری فری‌تاونی پایتەختی سیرالیۆنی ئەفریکا لە دایکبووە. بنەماڵەکەی کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی تبنینی باشوری لوبنانن کۆچیان بۆ ئەفریکا کردووە و لەوێ سەرقاڵی بازرگانی ئەڵماس بوون.

پاشان بەڕی گەڕاوەتە لوبنان و خوێندنی تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا بەدەستهێناوە و دواتر چووە خوێندنی باڵای لە زانکۆی سوربونی فەڕنسا تەواوکردووە.

XS
SM
MD
LG