Accessibility links

لەشکری لوبنان ئۆپەراسیۆنێـک لە دژی چەکدارانی توندڕەو لە ناوچەیەکی وڵاتەکەی ئەنجام دەدات

  • VOA News

سەرۆک وەزیری لوبنان دەڵێت لەشکری وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێـک لە دژی چەکدارانی توندڕەو ئەنجام دەدات لە ناوچەی سنووری جرود عرسال کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی لوبنان لە نزیک سنووری سوریا.

سەعەد ئەلحەریری ئەمڕۆ سێشەممە بە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوت پـلانی ئۆپەراسیۆنەکە بە باشی تاووتوێکراوە و حکومەت مۆڵەتی بە لەشکر داوە ئازادانە ئەرکەکە جێبەجێ بکات.

جەختی لەوەش کرد هیچ هەماهەنگیـیەک لە نێوان لەشکری لوبنان و لەشکری سوریادا نابێت لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکە. گوتیشی لەشکری لوبنان تەنها بەرپـرسیارە لە پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی و هاوڵاتیانی لوبنانی و ئاوارە سوریـیەکان.

ناوچەی عرسال ناوچەیەکی شاخاوی ئاڵۆزە و بووەتە شوێنی داعش و بەرەی فەتح ئەلشام (بەرەی نوسرەی جاران) و چەند گروپـێکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە مەزەندەدەکرێت نزیکەی 3 هەزار چەکدار لە ناوچەی جرود عرسال هەبن کە دوو لەسەر سێیان چەکداری داعش و بەرەی نوسرەن و ئەوانی دیکە سەر بە گروپە چەکدارەکانی دیکەن.

ئەم گروپە چەکدارانە بوونەتە جێی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی لوبنان و لەوەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە دەسـتیپـێکردووە چەندان هێرشی تێرۆرستیان لە ناو لوبنان کردووە.

هەروەها سەرچاوەکە گوتی لەشکری لوبنان کۆمەکی لەشکری ئەمەریکایی و بەریتانی پـێگەیشتووە و لە ماوەی 24 کاژمێری ڕابردوو بە ناوچەکانی عرسال هێزی بڵاوکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG