Accessibility links

لە میانەی پـشکنینی دوو کەمپی ئاوارە سوریـیەکان لە لوبنان 5 خۆکوژ خۆیان دەتەقێنـنەوە

  • VOA News

پـێنج خۆکوژ خۆیان تەقاندووەتەوە لەو دەمەی هێزەکانی لەشکری لوبنان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دوو کەمپی ئاوارەی سوریـیان دەپشـکنی، لە ئاکامدا منداڵێـک گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەک سەرباز برینداربوون.

فەرماندەیەتی لەشکری لوبنان ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندنێـکدا گوتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێـکی لەشکر لە شارۆچکەی عرسال کەمپی ئەلنوری ئاوارە سوریـیەکانی پشـکنی، بەڵام خۆکوژێـک خۆی بە ژمارەیەک سەربازدا تەقاندەوە و لە ئاکامدا 3 سەرباز برینداربوون.

پاشان 3 خۆکوژی دیکە هەر لە هەمان کەمپدا خۆیان تەقاندەوە بەبێ ئەوەی هیچ سەربازێـک زیانی پـێبکەوێت، بەڵام یەکێـکیان لە نێو خێزانێـکی ئاوارە خۆی تەقاندبووەوە و لە ئاکامدا کچێـکی منداڵی تەمەن 2 ساڵ و نیو گیانی لەدەسـتدا.

سەرچاوەیەکی لەشکری بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئامانج لەو هەڵمەتی پشـکنینەکە دەسـتگیرکردنی ئەو خۆکوژە بووە کە لە سەرەتادا خۆی تەقاندبووەوە.

هاوکات هێزێـکی دیکەی لەشکر کەمپی ئەلقاریـیەی ئاوارە سوریـیەکانیان پشـکنی کە دەکەوێتە هەمان ناوچە. لەوێش خۆکوژێـک خۆی تەقاندەوە و هیچ زیانێـک بەر سەربازەکان نەکەوت. پاشان تێرۆرستێـکی دیکە بۆمبێـکی دەسـتی گرتە ژمارەیەک سەرباز و لە ئاکامدا 4 سەرباز برینداربوون.

سەرچاوە لەشکریـیەکە گوتیشی ژمارەیەک کەسیان لە هەردوو کەمپەکە دەسـتگیرکردووە و لەگەڵیدا دەسـتیانگرتووە بەسەر چوار بۆمب کە بۆ تەقینەوە ئامادەکرابوون.

جێی ئاماژەیە چەکدارانی سەر بە داعش لە ناوچەی جرودی نزیک سنووری سوریاوە هەن کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی عرسالەوە. هەروەها لە نێوان ناوچەی عرسالی لوبنان و ناوچەی قەلەمونی سوریا سنوورەکان زۆر ڕوون نین، بۆیە چەکداران دەتوانن بە ئاسانی لەو نێوەدا هاتوچۆ بکەن.

XS
SM
MD
LG