Accessibility links

سەدان چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لەگەڵ خێزانەکانیان خاکی لوبنان جێدەهێڵن


میدیاکانی ناو لوبنان دەڵێن سەدان چەکداری گروپـێکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لەگەڵ خێزانەکانیان لە ناوچەیەکی لوبنانەوە بەرەو ناو سوریا براونەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ کۆتایی‌هێنان بە نائارامیـیەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی لوبناندا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی لوبنان دەڵێت لە کاژمێر 11:50 ی پـێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 34 پاسی پـڕ لە چەکداری سرایا ئەهل ئەلشام و کەسوکاریان لە ناوچەی جرود عرسالی لوبنانەوە دەرچوون بەرەو فلیتای سوریاوە و لەوێشەوە بەرەو شارۆچکەی ئەلرحێبە دەچن کە دەکەوێتە ناوچەی قەلەمونی شەرقی لە ناوچە گوندیـیەکانی باکوری دیمەشق.

هێزی ئاسایشی لوبنان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی خاچی سووری لوبنان یاوەری کاروانی پاسەکان دەکەن. مەزەندەدەکرێت کۆی ئەوانەی ناوچەکە جێدەهێڵن بگاتە 300 چەکدار لەگەڵ نزیکەی 3 هەزار پەنابەری سوری. چەکدارەکان دەتوانن چەکە سوکەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بەرن. دەشڵێن پەنابەرەکان بە خواستی خۆیان دەڕۆنەوە.

پەیامنێری کەناڵی ئەڵحوڕە دەڵێت ژمارەیەک لە چەکدارەکان بڕیاریان داوە چەکەکانیان ڕادەستی لەشکری لوبنان بکەن و لە ناوچەی عرسالدا بمێنـنەوە.

بەمەش جگە لە چەکدارانی داعش هیچ چەکداری گروپی دیکە لە ناوچەی جرود عرسالی لوبناندا نامێنێتەوە.

پـێشبینی دەکرێت لەم زووانە لەشکری لوبنان ئۆپەراسیۆنێـکی لەشکری دەسـتپـێبکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی داعش داگیرکردوون. ئەمەریکاش یارمەتی لەشکری لوبنان دەدات لە ڕێگەی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و هەر ئەمڕۆ 8 ماشێنی زرێپـۆشی نوێی جۆری M2A2 Bradley پـێشکەشی لەشکری لوبنان کرد. باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان ڕاگەیاندنێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG