Accessibility links

ماڵپەڕی ئنتەرسێپـت دەڵێت 700 لاپەڕە ڕاپـۆرتی هەواڵگری ئیتلاعاتی ئێرانی دەستکەوتووە


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و ماڵپەڕی The Intercept دەڵێن بە ڕێی ئاشکرابوونی سەدان ڕاپـۆرتی هەواڵگری ئیتلاعاتی ئێران ئاستی هەژمونی تاران لە عێراقیان بۆ ئاشکرابووە.

ماڵپەڕی ئنتەرسێپت دەڵێت کەسێک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت ئەو ڕاپـۆرتانەی بۆ ناردوون کە نزیکەی 700 لاپەڕەیە و هەموویان ڕاپـۆرتی نهێنی وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێرانن و لە هەردوو ساڵی 2014 و 2015 بە زمانی فارسی ئامادەکراون.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس، کەسەکە ڕەتیکردووەتەوە ڕاستەوخۆ ڕۆژنامەوانێک چاوپـێکەوتنی لەگەڵدا بکات و گوتویەتی "تەنیا دەمەوێت جیهان ببینێت ئێران چی بە وڵاتەکەم عێراق دەکات."

ڕاپـۆرتەکان نیشانی دەدەن قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران چۆن ڕۆڵی بینیوە لە دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی لە نێو دامودەزگا سیاسی و ئابوری و تەنانەت ئاینیـیەکانی عێراقدا.

وەک هەموو کارێکی سیخوڕی کۆبوونەوەکان بە شێوەیەک کراون کە هەستی پـێنەکرێت، بۆ نمونە لە بازاڕەکاندا یان لە میانەی ڕاوکردندا وە تەنانەت لە ئاهەنگی جەژنی لە دایکبوونیش.

سیخوڕەکان بە بەردەوامی چاودێری سەربازانی ئەمەریکایـیان کردووە و وێنەیان گرتوون، بە تایبەتی ئەوانەی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە هاتوچۆیان کردبوو.

ماڵپەڕی ئنتەرسێپت دەڵێت بەڵگەنامەکان نیشانی دەدەن بەشێک لە سیخوڕ و بەکرێگیراوەکانی بۆ ئێران کاریانکردووە، دیاریان وەرگرتووە، وەکو بستە و عەتر و زەعفەران. یەک لەوانە کڕینی دیاری بۆ فەرماندەیەکی کورد بە بەهای 87.5 یۆرۆ، واتە نزیکەی 100 دۆلار.

نیویۆرک تایمز دەڵێت بەپـێی ڕاپـۆرتەکان دەستێوەردانەکانی ئێران نەک تەنیا لە عێراقە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بۆ نمونە لە پاش لادانی محەمەد مورسی سەرۆکی پـێشووی میسر لە دەسەڵات، کاربەدەستانی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە تورکیا لەگەڵ ئەندامانی ئیخوان ئەلموسلیمین کۆبوونەتەوە. لەو کۆبوونەوەیە ئەبو حوسەین جێگری سولەیمانی و سێ سەرکردەی ئیخوان بەشداربوون.

XS
SM
MD
LG