Accessibility links

لە بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراوی حکومەتی ئێراندا هاتووە فەرمانکراوە کوشتنی خۆپیشاندەران بشاردرێتەوە


کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنی کە وادەردەکەوێت لە داتابەیسی حکومەتی ئێرانەوە هاککرابێتن، بۆ یەکەمین جار لەلایەن دەنگی ئەمەریکاوە بڵاوکرانەوە، بەڵگەنامەکان تیشک دەخەنە سەر ئەوەی چۆن دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکانی ئێران کوژرانی خۆپیشاندەرانییان شاردووەتەوە، ئەوەش لە ماوەی سەرکوتکارییە دڕندانەکەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا لە ئێران.

لە 6 ی مانگی سێدا دەنگی ئەمەریکا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنی لە گروپی هاککەری 'عەدالەتی عەلییەوە' دەستکەوتووە، گروپەکە مانگی ڕابردوو دەستیکرد بە ئاشکراکردنی " تۆمارە نهێنییەکانی حکومەتی ئێران " کە لە ڕێی هێرشکردنە سەر سیستمە کۆمپیوتەرییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە دەستییان کەوتووە.

بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا پێداچوونەوەی بە بەڵگەنامەکاندا کردووە و بە متمانەپێکراو ناوییان دەبات، بەڵام نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ وردیی بەڵگەنامەکان پشتڕاست بکاتەوە چونکە کارکردنی لە ئێران قەدەغەکراوە.

شاندی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وەڵامی داواکانی دەنگی ئەمەریکای نەدایەوە بۆ قسەکردن لەسەر بابەتەکە. پێشتریش تاران هەمیشە ئەو بەڵگەنامانەی کە لە حکومەتی ئێرانەوە هاککراون بە ساختە ناویبردوون.

لە بەڵگەنامەیەکدا کە گروپی عەدالەتی عەلی دەستییان کەوتووە و وادیارە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 25 ی مانگی یانزەی ساڵی 2019، باس لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران دەکات کە لەلایەن ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئییەوە ڕابەرایەتی دەکرێت.

بەڵگەنامەکە خۆپیشاندەرە سەرتاسەرییەکەی دژ بە حکومەتی ئێران لە مانگی یانزەی ساڵی 2019 دا بە " کاری تێکدەرانە و دروستکردنی پشێوی " ناودەبات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتوویەتی هێزەکانی ئاسایشی ئێران هێزی کوشندەیان بەکارهێناوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و نزیکەی 1500 کەسییان کوشتووە.

هەندێک لەو کەسانەی کە بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 دا زیانییان بە بینا گشتییەکان و کارەکان گەیاندووە.

حکومەتی ئێران چەندین جار وشەی " پشێوی " بەکارهێناوە بۆ ناوبردنی خۆپیشاندانەکان کە بە زۆریی ئاشتییانە بوون.

لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران فەرمانی بە دەزگای ڕاگەیاندنی سەر بە دەوڵەت و دەسەڵاتی دادوەریی و دەزگاکانی دیکەی حکومەت کردووە " ڕێگری بکەن " لە بڵاوبوونەوەی " هەر زانیارییەک سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان " لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 دا و ئەوانەشی کە " زانیاریی نهێنی " بڵاودەکەنەوە سزا بدرێن.

لە بەڵگەنامەکەدا فەرمان بە دەزگاکانی حکومەت کراوە ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر دژی " پشێویکاران " کە بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبارییان دەکات، دەڵێت لەو جۆرە دۆسییانەدا " گونجاو " دەبێت لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خێزانەکانی قوربانییان بکرێت، هەروەها دەبێت ڕاگەیاندنەکانیش ڕووماڵی بکەن.

بەڵگەنامەیەکی دیکەدا کە گروپی عەدالەتی عەلی دەستییان کەوتووە، پەیوەستە بە 26 ی مانگی 9 ی ساڵی 2022 ەوە، باس لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ناوخۆی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەکات. کۆبوونەوەکە 10 ڕۆژ دوای هەڵگیرسانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکە دێت کە بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەریانهەڵدا.

بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ناوخۆ فەرمانی بە دەزگاکانی حکومەت کردووە بە کەناڵی IRIB سەر بە دەوڵەتیشەوە " ڕووبەڕووی ڕووماڵی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن " ببنەوە لەسەر خۆپیشاندانەکان، ئەوەش لە ڕێی جەختکردنەوەوە لە " گوتاری پشتیوانی لە شۆڕشی ئیسلامی."

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ناوخۆ دەڵێت خۆپیشاندەران دەبێت وەکو " پشێویکار " ناوببرێن و دەبێت بە شێوەیەک باسییان لێبکرێت کە پەیوەندییان بەو گروپانەوە هەیە کە کاری توندوتیژی دەکەن و ئەو کارانەش دەبنە هۆی مردن. هەروەها داوای لە کەناڵی سەر بە دەوڵەت کردووە جەخت بکاتە سەر ڕووماڵکردنی ڤیدیۆکانی ئەو ڕووداوانەی کە بە " کاری توندوتیژی پشێویکاران " دژی پۆلیس و هاووڵاتییانی سڤیل ناویبردووە.

ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران جاوید ڕەحمان باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی ئێران لانیکەم 250 کەسییان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەمینیدا کوشتووە.

چەندین پیاو کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە بە تۆمەتی کوشتن تۆمەتبار کراون، چالاکەوانانی مافەکانیش دەڵێن ئەوانە لە دادگاییکردنی ساختەدا دادگاییکراون و بە بەکارهێنانی هێز ناچارکراون دان بنێن بە تاوانێکدا کە ئەنجامییان نەداوە. لە سێدارەدانیشییان سەرکۆنەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی لێکەوتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG