Accessibility links

لاڤرۆڤ دەڵێت ڕووسیا بەرپرس نییە لە ' قەیرانی خۆراک '


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی ئیسیوپیا دیمیکی میکۆنین
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی ئیسیوپیا دیمیکی میکۆنین

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ لە دوایین وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ چوار وڵاتی ئافریکا، ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت، لەکاتێکدا کە مۆسکۆ هەوڵ دەدات پشتیوانییەکانی وڵاتانی ئافریکا بۆ وڵاتەکەی پتەوتر بکات.

زۆربەی وڵاتانی ئافریکا ڕەتییان کردۆتەوە سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکەن لە ئۆکرانیا. سەردانەکەی لاڤرۆڤیش بۆ ئیسیوپیا لەکاتێکدایە کە ئەمەریکا ڕایگەیاندووە نزیکەی نیو ملیار دۆلار وەکو یارمەتییەک بۆ ئیسیوپیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵیدا تەرخان دەکات.

لاڤرۆڤ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئادیس ئابابای پایتەختی ئیسیوپیا ڕەتیکردەوە کە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک بووبێت لە جیهاندا.

لاڤرۆڤ وتی پێش جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا نرخەکانی خۆراک بەرزدەبوونەوە، ئەوەش بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و " سیاسەتی سەوزی " ڕۆژئاواوە.

وتیشی هەر زیادبوونێکی دیکەی نرخەکانی گەنم هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سزاکانی ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا.

لاڤرۆڤ وتی " دەزانم ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا بە شێوازێکی زۆر شێواو باس لە ڕەوشەکە دەکەن، تەنها باس لە قەیرانی خۆراک دەکەن، وەکو ئەوەی پێش مانگی دووی ئەم ساڵ قەیرانی خۆراک نەبووبێت."

ئیسیوپیا دوایین وێستگەی لاڤرۆڤ دەبێت لە گەشتەکەیدا بۆ ئافریکا، ئەوەش دوای ئەوەی سەردانی هەریەک لە وڵاتانی میسڕ و ئۆگەندا و کۆماری کۆنگۆی کرد. لە گەشتەکەیدا بۆ ئەفریقا هەوڵیداوە دڵنیایی بداتە ڕابەرانی ئەو وڵاتانە کە هەناردەکردنی گەنم لەڕێی بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە لە دەریای ڕەش دەستپێدەکاتەوە، هاوکات بەرپرسیارێتی وەستانی هەناردەکردنی گەنمەکەشی خستە ئەستۆی ڕۆژئاوا.

وتی " ڕۆژئاوا سیستمێکی دروست کرد کە لەسەر کۆمەڵێک بنەما سەرچاوەی گرتبوو: بازاڕی ئازاد، ڕکابەری دادپەروەرانە، پیرۆزی موڵکی تایبەت. بەڵام هەموو ئەمانە نەمان کاتێک ڕۆژئاوا ویستی ئەوە بکات کە باوەڕی پێیەتی، ئەوەش ئەوە بوو سزای ڕووسیا بدەن."

لاڤرۆڤ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسیوپیا دیمیکی میکۆنیندا کۆبۆوە و ڕێکەوتن لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە هاریکاریی و ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

هیچ ئاماژەیەک نەبوو لەسەر ئەوەی لاڤرۆڤ لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسیوپیا ئابی ئەحمەد یاخود لەگەڵ بەرپرسانی بارەگای یەکێتی ئافریکا لە ئادیس ئابابای پایتەختی ئیسیوپیا کۆبوبێتەوە.

بەرپرسانی یەکێتی ئافریکا بە دەنگی ئەمەریکایان وت وەستانەکەی لاڤرۆڤ لە ئیسیوپیا سەردانێک بووە کە تەنها پەیوەندیی بە دوو وڵاتەکەوە هەبووە.

لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند 488 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئیسیوپیا تەرخان دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لەو وڵاتەدا. کەش و هەوا وشکەکەی ئیسیوپیا و ململانێکانی ناو وڵاتەکە وایکردووە 30 ملیۆن هاوڵاتی ئیسیوپی پێویستییان بە یارمەتی بێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG