وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ دەڵێت ڕووسیا هەمووشتێک دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا بتوانێت بە پارێزراوی کاربکات، هەروەها هەمووشتێک دەکات بۆ ئەوەی تیمەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بتوانن کارەکانیان بە پارێزراوی لە وێستگەکەدا تەواو بکەن.
لاڤرۆڤ لە بۆنەیەکدا لە مۆسکۆ گوتی " هەمووشتێک دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی وێستگەکە پارێزراو بێت و بە پارێزراوی کاربکات. هەروەها بۆ ئەوەی ئەو تیمەی لە وێستگەکەدا کاردەکات هەموو پلانەکانی تەواو بکات."
لە مانگی سێدا هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی وێستگەکەیان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن کارمەندان و ئەندازیارانی ئۆکرانیاوە بەڕێوەدەبرێت. هەروەها دەکەوێتە نزیک لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکەوە و چەند جارێکیش لەم هەفتانەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بۆردومانکردن بۆتەوە، ئەوەش نیگەرانی ئەگەری کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی لێکەوتۆتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
لاڤرۆڤ: ڕووسیا هەمووشتێک دەکات بۆ ئەوەی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا بە پارێزراوی کاربکات
