کورمانبێک باکایـێڤ سه‌رۆکی لادراوی قیرغیزسـتان گه‌یشـتۆته وڵاتی بێلاڕووسیا و له‌وێ مافی په‌نابه‌ریـیان پـێداوه.
ڕۆژی سێشه‌ممه سه‌رۆکی بێلاڕووسیا ئه‌لێکزانده‌ر لوکاشینکۆ گوتی به‌ڕێز کورمانبێک باکایـێڤ و خێزانه‌که‌ی له منسکی پایته‌ختن و ژیانیان پارێزراوه.
جێی ئاماژه پـێـکردنه کورمانبێک باکایـێڤ له 7 ی ئه‌م مانگه‌دا له بیشکێکی پایته‌ختی قیرغیزسـتان هه‌ڵهات، پاش ئه‌وه‌ی 84 که‌س له ده‌می خۆپـیشـاندانه‌کانی دژی حکومه‌ته‌که‌یدا کوژران. هه‌فته‌ی ڕابردووش به‌ره‌و وڵاتی کازاخسـتانی دراوسێ په‌نای برد، به‌ڵام بۆ ڕۆژی دووشه‌ممه ئه‌وێشی جێهێشت.
حکومه‌تی کاتی قیرغیزسـتان داوا ده‌کات سه‌رۆکی هه‌ڵهاتووی ڕاده‌ست بکرێته‌وه تا دادگایی بکه‌ن.
هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حکومه‌تی کاتی ده‌سه‌ڵاتی گرتۆته ده‌ست نائارامی هه‌ندێ ناوچه‌ی وڵاته‌که‌ی گرتۆته‌وه.
ڕۆژی سێشه‌ممه هێزه‌کانی ئاسایش به شه‌قامه‌کانی ده‌وروبه‌ری بیشکێکدا بڵاوبوونه‌وه، ئه‌مه‌ش ڕۆژێـک پاش ئه‌وه‌ی به لایه‌نی که‌م 5 که‌س له توندوتیژی نه‌ژادیدا کوژران.
ڕۆژی دووشه‌ممه به سه‌دان قیرغیزی هێرشیان کرده سه‌ر ماڵوحاڵی ڕووس و تورکه‌کان له گوندی مایهڤکا به مه‌به‌سـتی داگیرکردنی زه‌وی و زاریان.