سه‌رۆکی حکومه‌تی کاتی قیرغیزسـتان ده‌ڵێت حکومه‌ته‌که‌ی له لایه‌ن له‌شـکری وڵاته‌که‌ی و ئه‌مه‌ریکاوه پـشـتیوانی لێـده‌کرێت.
ڕوزا ئوتونبایـێڤ ڕۆژی دووشه‌ممه له بێشکێکی پایته‌خت گوتی له‌شـکری قیرغیزی پـشـتگیری له حکومه‌تی نوێ ده‌کات.
گوتیشی هه‌فته‌ی ڕابردوو هه‌ر دوابه‌دوای لادانی سه‌رۆک کورمانبێـک باکایـێڤ، ژماره‌یه‌کی زۆری وڵاتان، له‌وانه وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ئاماده‌یی خۆیان بۆ پـێشـکه‌شـکردنی یارمه‌تی ده‌ربڕیوه.
له لایه‌کی دیکه‌وه نوێنه‌رێـکی یه‌کێتی ئه‌وروپا ئه‌وه‌ی ڕه‌تکرده‌وه که یه‌کێتیـیه‌که‌یان ناوبژیوانی نێوان حکومه‌تی کاتی و سه‌رۆکی لادراو کورمانبێـک باکایـێڤ ده‌کات. گوتیشی یه‌کێتی ئه‌وروپا کار له‌گه‌ڵ حکومه‌تی کاتی‌دا ده‌کات.
هه‌ر ڕۆژی دووشه‌ممه بۆ یه‌که‌م جار پاش لادانی له ده‌سه‌ڵات کورمانبێـک باکایـێڤ له شـوێنێـکی گشـتیدا له باشوری قیرغیزسـتان ده‌رکه‌وت و بۆ لایه‌نگرانی خۆی قسه‌ی کرد و ڕێبه‌رانی حکومه‌تی کاتی به کۆمه‌ڵێـکی تاوانکار ناوبرد.