دەسەڵاتدارانی کوەیت دەڵێن شانەیەکی کوەیتی سەر بە داعشیان هەڵوەشـاندووەتەوە کە لە پـێنج کەس پـێـکهاتبوون.
وەزارەتی ناوخۆی کوەیت ڕۆژی پـێـنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی یەک لەو پـێنج کەسە کە ناوی موبارەک مەلەفی بووە لە کردەوەیەکی تێرۆرسـتیدا لە عێراقدا کوژراوە.
ئەوانی دیکە دەزگا ئاسایشیـیەکان داویان بۆ ناونەتەوە و بەرەو ناو وڵات ڕایانکێشاونەتەوە و دەسـتگیریان کردوون.
بەپـێی لێـکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە وانەی توندڕەوی و ڕق و کینەیان پێ دراوە و پاشان مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر چەک پـێـکراوە و سیانیان بەشداریـیان لە شەڕدا کردووە لە عێراق و سوریا و بە تایبەتی لە موسڵ.
هەروەها کاربەدەسـتانی کوەیت دەڵێن ئەو پـێـنج کەسە پەیوەندیـیان بە تەقینەوە خۆکوژیـیەکەی مانگی ڕابردووی مزگەوتی ئەلسادقی شیعەکان نەبووە، ئەوەی تیایدا 27 کەس کوژران و 227 کەسی دیکە برینداربوون.
جێی ئاماژەیە هەموویان گەنج بوون و تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 29 سـاڵ بووە.