Accessibility links

کوەیت ژمارەیەک لە دیپـلۆماتانی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەردەکات

  • VOA News

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند حکومەتی وڵاتەکەی بڕیاری داوە ژمارەی دیپـلۆماتانی ئێرانی لە وڵاتەکەی کەمبکاتەوە و هەموو ئۆفیسە تەکنیکیـیەکانی سەر بە باڵیۆزخانەی ئێران لە کوەیت دابخرێن.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی کوەیت (کونا) ئەمڕۆ پـێنجشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپـرس لە وەزارەتەکە نووسیویەتی ئەم بڕیارە پەیوەستە بە کەیسی "شانەی عەبدەلی" ئەوەی ئێران کۆمەکی کردووە.

بەپـێی ئاژانسەکان بە لایەنی کەم 14 دیپلۆماتی ئێرانی لە کوەیت دەردەکرێن و ماوەی 45 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ جێهێشتنی وڵاتەکە. هەروەها بڕیار دراوە هەردوو ئۆفیسی ڕۆشنبیری و لەشکری سەر بە باڵیۆزخانەی ئێران لە کوەیت دابخرێن و چالاکیـیە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕابگیرێن.

جێی ئاماژەیە شانەی عەبدلی لە مانگی هەشتی ساڵی 2015 لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی کوەیتەوە ئاشکراکران. دەڵێن کاری وەهایان کردبوو کە شیانی هەبووە زیان بە یەکپارچەیی و سەلامەتی خاکی کوەیت بگەیەنێت و هەروەها سیخوڕیـیان بۆ ئێران و حزبوڵڵای لوبنان کردبوو و لەگەڵیدا هەستاون بە کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنی و ئامێری گوێگرتن بۆ سیخوڕی.

لە کەیسەکە 25 کوەیتی و ئێرانیەک تاوانبارکراون، بەڵام لە ئێستادا 16 کەسیان دیارنەماون. وەزارەتی ناوخۆی کوەیت وێنە و ناوی هەڵهاتووەکانی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە خەڵکی دەکات هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن تاوەکو دەسـتگیریان بکەن.

بەڵام ڕۆژنامەی سیاسەی کوەیتی ڕۆژی دووشەممە هەواڵێـکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی سەرچاوەی ئاسایشی گوتوویانە 14 لەو تاوانبارانە لە 18 ی مانگی شەش بە بەلەمی خێرا بەرەو ئێران ڕۆیشتوون، ئەمەش پاش ئەوەی دادگای پـیاداچوونەوە بڕیاری زیندانیکردنیانی پەسەندکرد.

XS
SM
MD
LG