Accessibility links

سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت لە پاش کۆبوونەوەیەکی داخراودا دەڵێت ڕەوشی ناوچەکە مەترسیدارە


سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت دەڵێت گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ڕەوشی ناوچەی کەنداو مەترسیدارە و جێی نیگەرانیـیە، ئەمەش پاش دانیشتنێکی داخراوی نێوان پەرلەمان و حکومەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە گرژیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران.

مەرزوق ئەلغانم ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە پاش کۆبوونەوە داخراوەکە بە ڕۆژنامەوانانی گوت دوای ئەوەی حکومەت ڕاپـۆرتێکی لە بارەی دۆخی ناوچەکە پـێشکەشکرد بۆ پەرلەمان ڕوونبووەتەوە قۆناغی داهاتوو چەندە هەستیار و مەترسیدارە، بۆیە پـێویستە ئامادەکاری بکرێت و هەموو ڕێوشوێنێک بگیرێتەبەر بۆ حۆئامادەکردن بۆ هەموو ئەگەرەکان.

گوتیشی وەزیرەکان باسیان لە ئامادەکاریـیەکانی حکومەت کردووە بۆ شیانی ڕوودانی شەڕ لە ناوچەکە.

پاشان لە وەڵامی پـرسیارێک سەبارەت بەوەی هەتا چەند شیانی هەیە شەڕ لە ناوچەکەدا ڕووبدات، گوتی"بەپـێی ئەو زانیاریـیانەی لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتەوە خراونەتە ڕوو، بەڵێ بە داخەوە شیانی ڕوودانی شەڕ هەیە و ئەگەری ڕوودانیشی زۆرە."

باسیشی لە میری کوەیت کرد کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر کاربەدەستان و خەڵکی وڵاتەکەی ڕاسپاردووە هەموو ڕێوشوێنێکی پـێویست بگرنەبەر و وریابن و ئامادەکاری بکەن بۆ هەموو ئەگەرەکان.

XS
SM
MD
LG