Accessibility links

شێخ نەواف ئەمیری کوێت لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد


ڕۆژی شەممە شازادەی کوەیت نەواف ئەلئەحمەد جابر ئەلسەباح لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەوەش دوای سێ ساڵ لە وەرگرتنی پۆستی فەرمانڕەواییکردنی وڵاتەکە.

هۆکاری مردنەکەی هێشتا نەزاندراوە. شازادە نەواف لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و دەزگای ڕاگەیاندنی وڵاتەکە لەو کاتەدا وتی کێشەی بەپەلەی تەندروستی هەبووە بەڵام بارودۆخی جێگیرە.

نەواف لە ساڵی 2006 لە ڕێگای زڕبراکەیەوە، سەباح ئەلسەباحی بوو بە شازادەی جێنشینی کوێت و لە مانگی نۆی ساڵی 2020 کاتێک سەباح لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد ، دەسەڵاتی بە تەواوی گرتە دەست.

شازادەی جێنشینی ئێستای کوەیت، شێخ میشعەل ئەلئەحمەد ئەلسەباح، زڕبرای دیکەی ئەو دووانە کەبڕیارە شوێنەکەی نەواف بگرێتەوە، تەمەنی 83ساڵە.

شێخ نەواف لەلایەن دیپلۆماتکارانەوە وەکو دروستکەرێکی کۆدەنگی سەیر دەکرا، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چڕ هەبوو لە نێوان حکومەت و پەرلەمانی هەڵبژێردراودا، پەرلەمانی وڵاتەکەش بەهۆی چاکسازییە سەرەکییەکانەوە کۆسپی خرابووە بەردەم. لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کۆدەنگییەک لە نێوان حکومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا دروست بوو.

لە دوای دەستپێکردنی دەسەڵاتەکەیەوە لە ساڵی 2020 دا، شێخ نەواف توانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە بپارێزێت، بە جۆرێک توانی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکانیدا بە هاوسەنگی بهێڵێتەوە، هاوکات لە ناوخۆدا لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا هەشت حکومەت پێکهێندراون.

بەپێی دەستووری کوەیت، شازادەی جێنشین دەستبەجێ دەبێتە شازادە و دەسەڵاتی وڵاتەکە دەگرێتە دەست، بەڵام ئەوە دوای پڕۆسەی سوێندخواردنی دەبێت لە پەرلەماندا. شازادە نوێیەکە یەک ساڵی لە بەردەستدایە تاوەکو جێگرەوەیەک بۆ خۆی دەستنیشان دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG