Accessibility links

گەورە ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ لەگەڵ نەتەنیاهو و عەباس کۆدەبێتەوە


گەورە ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو سەرۆکی وەزیری ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم کۆبووەیەوە و بڕیارە لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستینیـیەکانیش لە شاری ڕامەڵڵای کەناری ڕۆژئاوا کۆببێتەوە.

جارێد کوشنەر کە بۆخۆشی زاوای سەرۆک ترامپە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە ئیسرائیل و چاوەڕوان دەکرێت لەم سەردانە کورتەی کە بڕیارە نزیکەی 20 کاژمێر بخایەنێت، پـرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان ببوژێنێتەوە.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن ئەم سەردانە بەشێـکە لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بۆ بەردەوامبوونی وتووێژەکان و هەروەها دەسـتپـێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی. دەشڵێن کوشنەر و جەیسن گرینبلات نێردراوی تایبەتی سەرۆک ترامپ بۆ دانوستاندنە نێودەوڵەتیـیەکان جاری دیکەش بۆ ناوچەکە دەگەڕێنەوە.

کاربەدەستان گوتیان جەیسن گرینبلات لە ڕۆژی دووشەممەوە بۆ کۆبوونەوە سەرەتایـیەکان لە ئیسرائیلە و چەند جارێـک لە ئۆرشەلیم و ڕامەڵڵا کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و بڕیارە زیاتیش بمێنێتەوە و لە دوای کوشنەر کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدات.

جێی ئاماژەیە سەرۆک ترامپ مانگی ڕابردوو لە کۆشکی سپی پـێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهو و مەحمود عەباس کرد و بەڵێنی پـێدان مەسەلەی گەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتایی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان لە کارە سەرەکیـیەکانی سیاسەتی دەرەوەی ببێت.

XS
SM
MD
LG