Accessibility links

ئەمەریکا کۆنگرەکەی سەبارەت بە ئابووری فەڵەستین لە بەحرەین دەستپێکرد


ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی جارێد کوشنەر

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕووە ئابوورییەکەی پلانی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەحرەین دەستپێکرد، وتیشی ئەو ئاڕاستەیەی وەبەرهێنان دەیجوڵێنێت مەرجێکی پێویستە بۆ کۆتای هێنان بە ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین.

ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی جارێد کوشنەر لەکاتی کردنەوەی کۆنگرەکەدا کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت وتی خۆشبەختی نایات بۆ فەڵەستینیەکان بەبێ چارەسەرێکی سیاسیی دادپەروەرانە بۆ ململانێکان.

بەڵام وتیشی لەڕێی کارکردنەوە بۆ گەشەپێدانی ئابووری فەڵەستین، ئەنجامەکە ئاشتیەکی ڕاستەقینە دەبێت و دەبێتە هۆی خۆشبەختی.

وتی " هەلی باش دەبینین، ئەوەی دروستمان کردووە پلانێکی ئابووری تەواو دەگرێتەوە کە بەتایبەتی بۆ فەڵەستینیەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داندراوە."

وتیشی " دەتوانین ئەم ناوچەیە لە قوربانیانی ململانێکانی ڕابردووەوە بگۆڕین بۆ نمونەیەکی بازرگانی و پێشکەوتن لە سەرتاسەری جیهاندا."

جێی ئاماژەیە بەرپرسانی فەڵەستینی پلانەکەیان ڕەت کردۆتەوە.

لەم کۆنگرەیەدا ڕووە ئابوورییەکەی پلانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل ڕادەگەیەنرێت، ئەمەش لەچوارچێوەی پلانێکی سیاسیی فراوانتردا بۆ کۆتای هێنان بە ململانێکانی نیوان فەڵەستین و ئیسڕائیل.

بەڵام وردەکاری ڕووە سیاسییەکەی پلانەکە هێشتا نهێنیە. حکومەتی ئیسڕائیل و حکومەتی فەڵەستین ئامادەی کۆنگرەکە نابن، هەروەها لوبنان و عێراقیش ڕایانگەیاند بەشداری کۆنگرەکە ناکەن.

سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس وتی " پارە گرنگە و ئابووری گرنگە، بەڵام چارەسەرە سیاسییەکە گرنگترە، کاتێک چارەسەرە سیاسیەکەلەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بینینی دوو دەوڵەت سەرچاوە دەگرێت، لەو کاتەدا ئێمە پێشوازیی لە هەموو ئەوانە دەکەین کە دەیانەوێت یارمەتیمان بدەن."

لەلای خۆشیەوە جارێد کوشنەر وتی " بۆ ئەوەی ڕوون بین، ناکرێت ئابووری فەڵەستین گەشە بکات و گەلەکەی خۆشبەخت بێت بەبێ چارەسەرێکی سیاسیی هەمیشەیی و دادپەروەرانە. چارەسەرەکە ئاسایشی ئیسڕائیل دەگرێتەوە و ڕێزیش لە کەرامەتی گەلی فەڵەستین دەگرێت."

وتیشی " سەرەڕای ئەوەش ئەمڕۆ باس لە بابەتە سیاسییەکان ناکەین، ئەوە لەکاتێکی گونجاودا دەکەین."

واشنتن هیوادارە بەشداربووانی کۆنگرەکە، لەوانەش سعودیە و وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دیکەی کەنداو گرنگی بدەن بە پلانەکە کە پێشبینی ئەوە دەکرێت وڵاتانی بەخشەر و وەبەرهێنەر بڕی 50 ملیار دۆلار بدەن بە خاکەکانی فەڵەستین و ئەردەن و میسڕ و لوبنان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG