کاربەدەستێکی کوردی سوریا دەڵێت ڕووسیا بەڕێوەبەرایەتی کوردی لە باکوری سوریای بانگهێشتی کۆنگرەیەک کردووە کە بڕیارە لە مانگی یازدەدا سازیبکات بۆ پـێکهاتەکانی خەڵکی سوریا.
بەدران چیا کورد کە ڕاوژکارێکی بەڕێوەبەرایەتی کوردیـیە ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ئاشکراکرد و گوتی مانگی ڕابردوو لە میانەی کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ کاربەدەسـتانی ڕووسیا لە باکوری سوریا بانگهێشتی کۆنگرەکە کراون و ئەمانیش لای خۆیانەوە بیرۆکەکەیان پـێباشە، بەو هیوایەی ڕێکەوتنێکی سیاسی لێبکەوێتەوە. گوتیشی تاووتوێی مەسەلەکە دەکەن و هەتا هەڵوێستیان ئەرێنیە.
پـێشتر کاربەدەستێکی ڕووسی گوتی لەو کۆنگرەیە سەنگی دەخرێتە سەر هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری مامناوەندی بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی سیاسی بۆ ئەو شەڕەی وا بۆ زیاتر لە شەش ساڵە لە سوریا بەردەوامە.
چاوەڕواندەکرێت کۆنگرەکە لە ناوەڕاستی مانگی یازدە سازبکرێت و ڕووسیا میوانداری هەموو پـێکهاتەکانی سوریا بکات تاوەکو پـێکەوە وتووێژ بکەن و کار بۆ داڕشتنی دەستورێکی نوێ بۆ سوریا بکەن. هێشتا ڕوون نیـیە ئایا گروپە چەکدارەکانیش بانگهێشتی کۆنگرەکە دەکرێن یان نا.
جێی ئاماژەیە بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هەرچ وتووێژێکی ئاشتی بۆ قەیرانی سوریا سازکرابێت، بەشداری بە لایەنی کوردی نەکراوە، ئەمەش لەسەر داوای تورکیا کە بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستانیان ناودێردەکات.