Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دادگاییکردنی دەستبەسەرکراوانی داعش دەستپێدەکات


بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕادەگەیەنێت دەست دەکات بە دادگاییکردنی هەزاران دەستبەسەرکراوی ڕێکخراوی داعش کە ماوەی چەندین ساڵە زیندانی کراون.

بەڕێوبەرایەتییەکە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی لێدەکرێت نزیکەی 10,000 دەستبەسەرکراوی داعشی لایە کە لە ساڵانی نێوان 2017 بۆ 2019 دا دەستگیرکراون.

بەرپرسانی ناوخۆی ناوچەکە چەندین جار داوایان لە وڵاتانی بیانی کردووە بە کەنەدا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەوانی دیکەشەوە کە هاووڵاتییەکانییان وەربگرنەوە، لە کاتێکدا کە هەزاران ژن و منداڵی بیانی کە لە " خەلافەتەکەی " ڕێکخراوی داعش هەڵاتن لە ناوەندەکانی گرتندان.

ڕۆژی شەممە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە سوریا لە بەیاننامەیەکدا وتی بڕیاریداوە دەستبەسەرکراوەکان ڕووبەڕووی دادگاییکردنێکی " کراوە و ئازاد و ڕوونی " خۆی بکاتەوە.

بەرپرسی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکە، بەدران ژیا کورد بە ڕۆیتەرزی وت ساڵی ڕابردوو یاسایەکی دژە تیرۆری ناوخۆیی پەرەی پێدراوە و بۆ دادگاییکردنی چەکدارەکانی داعش بەکاردەهێندرێت، وتیشی تۆمەتباران دەکرێت بتوانن پارێزەری خۆیان هەبێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا دادگاکان پارێزەرییان بۆ دەستنیشان دەکەن یاخود نا.

باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کار بە سزای مەرگ ناکات.

ژیا کورد وتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بانگهێشت دەکرێن بۆ ئامادەبوون لە دادگاییکردنەکاندا.

پرسی چەکدارە بیانییەکان یەکێکە لە ئاڵۆزترین پرسە ئاسایشیی و مافەکان لە دوانزە ساڵی جەنگەکەی سوریادا. زۆرێک لە وڵاتان ئەو هاوڵاتییانەیان وەرنەگرتۆتەوە کە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، نیگەرانن لەوەی یاساکانییان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گرەنتی ئەوە نادەن سزای زیندانیکردنێکی درێژخایەنییان بەسەردا بسەپێنێت.

دیبلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی کە لەسەر سوریا کار دەکات بە ڕۆیتەرزی وت بڕیارەکەی بەڕێوبەرایەتییەکە لە ناکاو بووە بۆیان.

دیبلۆماتکارەکە وتی " هیچ کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە ئەوان ئەمە بکەن. زۆر بە جددی وەریدەگرین کە ئەوان خەڵکێکی زۆرییان گرتووە، بەڵام ئەمە پرسێکی جیایە لەوەی دادگاییان بکەیت. دادگاییکردنییان پرسێکی زۆر گەورەترە."

وتی ئەو جۆرە دادگاییکردنانە پێویستی بە ئاسایشێکی زۆر ئاست بەرز هەیە و مەترسی هەڵاتنی دەستبەسەرکراوە داعشەکان زیاتر دەکات.

شارەزایەکی بواری تیرۆر لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، لێتا تایلەر وتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت یان ئەوەتا پشتگیری لە دادگاییەکان بکات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە دابینکردنی پێداویستیشەوە، یان ئەوەتا پشتگیری لە دادگاییکردنەکان بکات لە وڵاتانی خۆیان یاخود وڵاتێکی سێیەم.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG