Accessibility links

نوێنەرێکی حکومەتی هەرێم: ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ گەلی کورد


A Kurdish Iraqi woman kisses the coffin of a loved one
A Kurdish Iraqi woman kisses the coffin of a loved one

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا دانی نەنا بە (جینۆسایدی گەلی کورد)، بەڵام ئەم هەنگاوە بۆخۆی دەستکەوتێکی زۆر گەورە بوو بۆ گەلی کورد.

” پەیوەندییەکی زۆر باشمان لە گەڵ فەرەنسا و گەلی فەرەنسا هەیە ”

لە کۆبونەوەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو پەرلەمانی فەرەنسا پڕۆژەبڕیاری بە (جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی کوردی) ڕەتکردەوە. ڕەتکردنەوەی ئەم پڕۆژەبڕیارە لەکاتێکدایە کە هەندێک لە چاودێران و لایەنە کوردییەکان فەرەنسا بە پشتیوانی کورد ناو دەبەن.

بەڵام عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەڕێمی کوردستان لە فەرەنسا لەبەشی دووەمی گفتوگۆکەیدا لە گەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا جەخت لەسەر بەهێزی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا دەکاتەوە و دەڵێت” ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لە گەڵ فەرەنسا و گەلی فەرەنسا هەیە، فەرەنسا یەکێکە لە وڵاتە یەکەمەکانی کەهەمیشە هاوکاری گەلی کوردی کردووە هەر لەسەرەتای دابەش بوونی هەرچوار پارچەی کوردستانەوە، فەرەنسا یەکێکە دۆستە واقیعیەکانی گەلی کورد بەتایبەت لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەموو ئاستەکان پەیوەندیمان زۆرباشە لەگەڵ فەرەنسا.”

” ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا دەستکەوتێکی زۆرگەورەبوو بۆ گەلی کورد ”

دۆڵەمەڕی وتیشی” ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا دەستکەوتێکی زۆرگەورەبوو بۆ گەلی کورد چونکە خودی پەرلەمانتارەکانی فەرەنسا پێی هەستاون نەک ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە سوپاسیان دەکەین کە ئەو پرسەیان بردە ناو پەرلەمانی فەرەنسا. ”

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەشڵێت” وەک دەزانرێت هیچ پرسێکی جینۆساید لە مێژوودا چ جینۆسایدی ئەرمەنەکان، جووەکان چ ئەوانی تر بن هیچ کات لە یەکەمجاردا لە ناو پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوە، ئەمە دەستپێشخەری چەند پەرلەمانتارێکی فەرەنسی دۆستی کورد بوون ئێمە هیوامان دەخواست دەنگ بهێنێت بەڵام کە دەنگی نەهێناوە ئەمە پەرلەمانێکی دیموکراسی وەک فەرەنسایە وەک دەزانرێت ئەو دیموکراسیەی لە فەرەنسا هەیە تا ئێستاش لە زۆر وڵاتدا نیە بۆیە ئەوان ئازادن دەنگ بەم بڕیارە بدەن یاخود نا. ”

عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا
عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا

”بیست ساڵ لەمەوبەر کەس ناوی کوردی نەدەزانی بەڵام ئێستا کورد بۆتە بابەتێکی سەرەکی...ئەمڕۆ بە بێ هەرێمی کوردستان هیچ سەقامگیرییەک نەک لە عێڕاق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەنجام نادرێت.”

نوێنەری حکومەتی هەرێم ئەم بابەتەی بە گرنگ وەسفکرد و زیاتر وتی” وەک دەزانرێت بیست ساڵ لەمەوبەر کەس ناوی کوردی نەدەزانی بەڵام ئێستا کورد بۆتە بابەتێکی سەرەکی لە هەموو دانوستانەکاندا، حکومەتی هەرێم گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، سەرۆکی فەرەنسا کەسەردانی هەرێمی کوردستان دەکات یا پاپا کەسەردانی هەرێم دەکات ئەوە واتای ئەوەی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژی هەیە، ئەمڕۆ بە بێ هەرێمی کوردستان هیچ سەقامگیرییەک نەک لە عێڕاق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەنجام نادرێت هەموو وڵاتە ئەوروپیەکان خۆیان ئەمە دەزانن. ”

” ڕەنگە لە داهاتوودا کاری جدی لەسەر ئەم پرسە بکرێت و تێبپەڕێنرێت”

عەلی دۆڵەمەڕی دەشڵێت” ئێستا ئەرمەنیەکان خۆیان دەوڵەتیان هەیە لەڕێگای دەوڵەتی خۆیانەوە دەتوانن کار لەسەر پرسی جینۆسایدی ئەرمەنیەکان بکەن بەڵام ئێمە ناتوانین وەک کورد دەبێت لە ڕێگای عێراقەوە بێت، ئێستاش وەک دەزانرێت عێراق بەم دۆخەوە ئایا دەتوانێت؟ جگە لەوە کۆبونەوەکەی پەرلەمانی فەرەنسا بۆ دەنگدان بیست و شەش پەرلەمانتار ئامادەی بون وەک دەزانرێت ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی فەرەنسا خۆی577 ئەندامە، بۆیە ڕەنگە لە داهاتوودا کاری جدی لەسەر ئەم پرسە بکرێت و تێبپەڕێنرێت بەڵام پێویستی بە کات و کەسانی ئەکادیمی هەیە کە زیاتر کاری لەسەر بکەن. ”


XS
SM
MD
LG